نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسای چاکسازی سەرجەم کارەکانی تەواو بووە و تەنها راپۆرتی هاوبەشی لیژنەی یاسایی و دارایی پەرلەمانی ماوە.
پرۆژەیاسای چاکسازی لە (خانەنشین، موچە و دەرماڵەکان)، کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە و لەبەر تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە پشووی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە، بەپێی زانیارییەکانیش پێدەچێت لەئەگەری پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، پارەیەکی زۆر بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، وەیسی سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی چاکسازی ئاراستەی لیژنەی داریی پەرلەمانی کوردستان کرابوو، لیژنەی دارایی سەرجەم کارەکانی خۆی بە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل، کە بەشێکی زۆریان پەیوەست بووە بە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بانگێشتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کرابوو کۆتایی پێهناوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی “تەنها ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەشی لیژنەی یاسایی و لیژنەی دارایی ماوە پڕۆژەیاساکە، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لیژنەی یاسای کۆبوونەوەی خۆی بکات، ئەوکاتە هەردوو لیژنەکە ڕاپۆرتی هاوبەش و کۆتایی خۆیان لە سەر پڕۆژەیاساکە ئامادە دەکەن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوکردنی راپۆرتی هاوبەشی لیژنەی دارایی و یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای چاکسازی دەستپێدەکاتەوە، کە رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا بێت.