روونکردنەوەیەک لەبارەی راگرتنی چالاکی هاوپەیمانان لەگەڵ پێشمەرگە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چالاکییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە ڕاگرتبێت.

لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە لایەن ئەمریکاوە؛ پێش ئەوەی، کە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزەبیانییەکان بدات، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چالاکییەکانیان لەعێراق راگرت.                

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری هەیئەی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە ڕاگرتنی چالاکییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەهەرێم، رایگەیاند: هێزەکانی هاوپەیمانان لە زۆر رووەوە چالاکییان لەگەڵ پێشمەرگە هەبووە، لە رووی لۆجستی، چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە و هاوکاری دارایی، بەڵام تا ئێستا وەک وەزارەتی پێشمەرگە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە، کە بڵێت هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چالاکییەکانیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە یان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان راگرتووە”.    

سەبارەت بە هاوکاریی داراییەکەی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە، بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت “تا کۆتایی مانگی ساڵی رابردوویش، ئەو هاوکارییە داراییەیی، کە لە لایەن ئەمریکاوە مانگانە وەک هاوکاری لۆجستیکی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابینیکردووە بەردەوام بووە، جا نازانین بۆ ساڵی ٢٠٢٠ مانگانە ئەو هاوکارییە بەردەوام دەبێت یان نا”.  

لیوا قارەمان گوتیشی “سەبارەتە بە بڕینی هاوکارییە داراییەکەی ئەمریکا، تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە، بڵێت هاوکارییەکە بەردەوام دەبێت یان بەردەوام نابێت”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com