سوپای ئەمریکا لە عێراق دەست بە کشانەوە دەکات

0

نوچە: ئاژانسەکان

سوپای ئەمریکا لە نامەیەکدا وەزارەتی بەرگریی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، کە دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویستە کاری هاوبەش بکرێت بۆ جێبەجێکردنی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.

لە نامەکەی سوپای ئەمریکادا هاتووە، کە “ئاماژە بە سەروەری کۆماری عێراق، هەروەها لەسەر داواکاری پەرلەمانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزەکانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش دەست بە جێگۆڕکێی هێزەکان دەکەن لە ماوەی چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوو… بۆئەوەی ئەم کارەش ئەنجام بدەین، هێزەکانی هاوپەیمانی پێویستیان بەوەیە کە چەند هەنگاوێک بگرنەبەر تاوەکو دڵنیابن کە کشانەوە لە عێراق بە شێوەیەکی پارێزراو و باش بەڕێوەدەچێت”.

نامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو ماوەدا هاتوچۆی هێلیکۆپتەر بۆ ناوچەی سەوز لە بەغدا زیاددەکات، ئەمەش بۆ راییکردنی کشانەوەی هێزەکانە لە ناوچەی سەوز.

نامەکەی سوپای ئەمریکا تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە “کشانەوەی هێزەکانیان زیاتر بە شەودا دەبێت بۆئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە هەست بە بێزاری نەکەن و لەوەش وا تێبگەن، کە ئێمە هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەی سەوز دەکەین”.

بەرپرسێکی عێراقی و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، کە نامەکە پشتڕاستکراوەتەوە و دەڵێن، نامەکە رادەستی وەزارەتی بەرگریی عێراق کراوە.

تاوەکو ئێستا نازانرێت مەبەستی ئەمریکا کشانەوەی تەواوی هێزەکانیەتی لە عێراق، یاخود تەنها ئەو هێزەیە، کە ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز جێگیرکراوە.

نامەکە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە عێراقەوە ئاراستەی وەزارەتی بەرگریی عێراق کراوە و لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە “ئێمە رێز لە بڕیاری ئێوە دەگرین، کە فەرمان بە دەرچوونی ئێمە دەکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com