پەرلەمانتارانی کورد داوای گەرەنتی دەکەن

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای گەڕانەوەمان بۆ بەغدا دەبێت گەرەنتی پاراستنی ژیانی پەرلەمانتارانی کورد بکرێت.    

ڕۆژی یەکشەممە ٥-١-٢٠٢٠، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نا ئاساییدا پرسی ده‌ركردنی هێزه‌بیانییەکانی له‌ عێراق په‌سند كرد، هەریەک لە فراکسیۆنە کوردستاییەکان و سونەکان بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد، دواتر چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بەئاشکرا هەڕەشەیان لە پەرلەمانتارنی کورد و ئەو پەرلەمانتارە سوننەکان کرد، کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.    

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە گەڕانەوەی فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ بەغدا، ڕایگەیاند “فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەكشەممەی پەرلەمانی عێراقمان کردووە و هێشتا نەگەڕاوینەتەوە بۆ بەغدا، بەڵام بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان بگەڕێنەوە و بەشداری کۆبوونەوەکانی داهاتوو بکەین”.   

لەبارەی هەڕەشەی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانتارانی کورد، دووبەردانی، دەڵێت “ئەو هەڕەشانە هەڕەشی جددین، ئێمەش نیگەرانی خۆمان دەگەیەنینە سەرکردایەتی سیاسی کورد، بەدڵنیاییەوە گەڕانەوەشمان بۆ بەغدا دەبێت گەرەنتی پاراستنی ژیانی پەرلەمانتارانی کورد بکرێت”.   

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی “بەشداری نەکردنی کورد و سوننە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ شتێکی ئاساییە و هەڵوێستێکی سیاسییە، بۆئەوەی عێراق نەبێتە شوێنی ململانێی وڵاتانی دیکە، هەندێک جاریش لایەنە شیعەکان لە پرسێکی سیاسییدا بایکۆتی کۆبوونەوە دەکەن، کە ئەوەش ئاساییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com