نوچە-واشنتۆن پۆست
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا، کە ئەمڕۆ (دووشەممە ٦-١-٢٠٢٠) بڵاوی کردۆتەوە، زانیاری و وردەکاری زیاتر لە بارەی پلانی کوشتنی قاسم سولەیمانی بڵاو دەکاتەوە.
بە گوێرەی واشنتۆن پۆست و ئەو زانیاریانەی، کە بەردەستی کەوتووە، پلانی کوشتنی قاسم سولەیمانی ڕاستەوخۆ لە لایەن مایک پۆمپیۆ، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکاوە داڕێژراوە.
واشنتۆن پۆست ئاشكرای دەکات، کە چەند ڕۆژ بەر لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، مایک پۆمپیۆ، پێوەندی ڕاستەوخۆی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردووە و بژاردەی کوشتن و لەناوبردنی فەرماندەی سوپای قودسی بۆ باس کردووە.
بە گوێرەی واشنتۆن پۆست، پۆمپیۆ یەکەم جاری نەبووە، کە پلانی کوشتنی سولەیمانی ئامادە کردووە، بەڵام هەر جاریک و بە پاساوێک ترەمپ پێی گوتووە، کە دۆخەکە بۆ جێبەجێکردنی وەها پلانێک ئامادە نییە.