سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو: شەڵەژانێکی گەورە دروست دەبێ

0

شلێر سەعید

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیەیێت، عێراق لە دەرکردنی بیانییەکان زیانمەند دەبێت و شەڵەژانێکی گەورە دروست دەبێت.

دوای ئەوەی لە شەوی هەینی ڕابردوو ئەمریکا بەچەند موشەکێک هێرشی کردە سەر دوو ئۆتۆمبێل کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند بەرپرسێکی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج، بەشێك لە شەقامی عێراقی و بەتایبەت لایەنە شیعییەکان داوا دەکەن هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن. کورد وسوننەکانیش لەو رووداوەدا تا ئاستێكی باش بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

جەمال کۆچەر سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، لەربارەی دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، کە داواکاری کوتلەی شیعەکان و جەماوەری شەقامی شیعەکانە، ئایا چ زیانێکی بۆ كورد دەبێت؟ گوتی: بێگومان زیانی زۆری دەبێ هەر ئەمڕۆ ترامپ هەڕەشەی کردووە، کە ئەگەر عێراق بڕیاری وا بدات، ئەوا سزایەکی ئابووری توند بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن، کە پێشتر وێنەی نەبووە و لەو سزایانەش قورستر دەبێت، کە بەسەر ئێراندا سەپێندراون.

جەمال کۆچەر گوتیشی: لە لایەنی نەوتیشەوە کێشەی گەورە بۆ ئێمە دروست دەبێ، چونکە پارەی نەوت هەمووی لە ئەمریکایە و کۆمپانیای ئیکسۆن موبیل، کە هی ئەوانە و ئەوەش زیانی زۆری دەبێت، هاوكات لەلایەنی ئاسایشی ناوچەكەش مەترسی هەیە، چونكە هێشتا داعش لەناو جەرگەی عێراق ماوە و لە دیالە و کەرکوک جموجۆڵیان هەیه، هەر دوێنێ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بڕیاری داوە هیچ چاودێرییەكی ئاسمانیی ناکەن بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵەكانی داعش. 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتیشی، لە لایەنی سەربازیش زۆرینەی چەکی ئێمە ئەمریکییە، هەر فڕۆکەیەک پێویستی بە چاككردنەوە بێت دوای چەد ساڵێکی دیکە پەکی دەکەوێت و ئەمەریكییەكان ئامادەنین چاكی بكەنەوە، لە لایەنی وەبەرهێنان، ئەگەر ئەمریکا نەما زۆربەی وڵاتانی بیانی ڕادەکەن و عێراق جێدێڵن، لە رووی سیاسیش شڵەژانێکی گەورە دروست دەکات، چونکە سوننە چۆن قبوڵ دەکات ناوچەکانی تەنیا بەدەست هێزی میلیشیاکان بێت.

سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و بەغداو کاریگەرییەكانی جەمال کۆچەر گوتی، ئەگەر پەرلەمانی بەغدا پەرلەمانێکی پیشەیی بێت زۆر سرووشتییە، کە فراکسیۆنێک یان کۆمەڵەیەک بایکۆتی بابەتێک بـکەن، ئەوە پەرلەمانی هەموو عێراقە، بە پێچەوانەوەش ئێمە قبوڵناکەین ئەوان هەرچی دەکەن با بیکەن.

جەمال كۆچەر گوتیشی: حیزبوڵڵای ئێرانی یەک بەیەک نامەی هەڕەشەی بۆ ناردووین، كە ئەوەی نەیەت بۆ دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران خائینە و ئەوەی دەنگ بدات نیشتمانییە، بەڵام ئێمە گوێمان بەو هەڕەشانە نەدا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com