شلێر سەعید
مامۆستایەکی زانکۆی بەغدا رایدەگەیەنێت، هێزی ئەمریکی هەموو کات ڕۆڵیان تێکدان و نەرێنی بووە. دەشڵێت ”ەمەریکا تۆڵەی لێدەکرێتەوە چ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراق یان هێزی پاسدارانی ئێران”.
دوای ئەوەی لە شەوی هەینی ڕابردوو ئەمریکا بەچەند موشەکێک هێرشی کردە سەر دوو ئۆتۆمبێل کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند بەرپرسێکی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج، بەشێك لە شەقامی عێراقی و بەتایبەت لایەنە شیعییەکان داوا دەکەن هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن. کورد وسوننەکانیش لەو رووداوەدا تا ئاستێكی باش بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت خەليل ئیبراهيم فاخر، مامۆستای وانەبێژ لە کولیژی ڕاگەیاندنی زانكۆی بەغدا، لەبارەی ئەم رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق رایگەیاند: هێزی ئەمریکی هەموو کات ڕۆڵیان تێکدان و نەرێنی بووە، کاتێک لەگەڵ نوری مالیکی ناکۆکبوون هەوڵی سزادانی عیراقیان دەدا و کاتێک عەبدولمەهدی گوێی بۆ نەگرتن، ئەوان دژی حکومەت وەستان.
خەلیل ئیبراهیم دەشڵێت، ئەمریکا ئەجێندای ئیسرائیل جێبەجێ دەکات، ئەوان هاتن پشتگیری لە نیزامی دیموکراسی عێرق بکەن، بەڵام هەرگیز ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرن، تا ئەو ئاستەی موشەکبارانی بارەگاکانی حەشدی شەعبی بکەن و بەرپرسە باڵاكانی بكوژن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی بەغداد ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمەریکا تۆڵەی لێدەکرێتەوە چ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراق یان هێزی پاسدارانی ئێران. گوتیشی ”بۆیە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەجێی خۆیەتی، چونکە مانەوەی ئەمریکییەکان لایەنی نەرێنی زۆرترە لە لایەنە ئەرێنییەكەی”.