نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر حکومەت بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هزەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، لەڕووی ئابوورییەوە عێراق زەرەرمەند دەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە ٥-١-٢٠٢٠، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکی نا ئاساییدا بە ئامادەبوونی سهرۆك وهزیرانی كاربهڕێكهری عێراق، ١٧٠ ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنە شییعییەکان و چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنە سوننەکان، پرسی دهركردنی هێزهبیانییەکان له عێراق پهسند كرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەیادە محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ڕایگەیاند “ئەگەر حکومەتی عێراقی بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بییانی و ئەمریکییەکان جێبەجێ بکات، ئەوکاتە لەڕووی ئابوورییەوە عێراق زەرەرمەند دەبێت”.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی عێراق و ئەمریکا بۆ هێنانی وزە لە ئێرانەوە بۆ عێراق، مەیادە محەمەد، گوتی “دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆکانی خستەسەر وڵاتی ئێران هیچ وڵاتێک بۆی نەبوو مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ئێراندا بکات، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنێک ئەمریکا ئەو تایبەتمەندییەی دایە عێراق و سێ جار ئەو ڕێککەوتنەی نوێکردەوە، کە تایبەت بوو بە هێنانی وزە، نەوت، گاز و کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەشدەکات، یەک مانگ لە بەردەم عێراق ماوە ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئەمریکا کردوویەتی کۆتایی بێت. دەشڵێت “ئەگەر ئەمریکا ئامادە نەبێت ئەو ڕێککەوتنە جارێکی دیکە نوێ بکاتەوە بۆ عێراق، ئایا ئابووری عێراق ڕوو لەکوێ دەکات؟ ئەگەر عێراق بەردوامبێت لەهێنانی نەوت و وزە لە ئێرانەوە ئایا ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر عێراق؟ ئەوکاتە داڕمانی ئابووری عێراق زۆر سەخت دەبێت بۆ هاوڵاتییان”.