ئێران لە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی کشایەوە

0

نوچە: ئاژانسەکان

حکومەتی ئێران رایدەگەیێنێت، تەواوی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی کۆتایی پێدەهێنێت و چیدیکە پیتاندنی یۆرانیۆم سنووردار ناکات.

راگەیاندنەکەی حکومەتی ئێران دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە ٥-١-٢٠٢٠ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی ئەتۆمی وڵاتەکەی کۆبووەوە، ئەوەش دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس.

لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی ئێراندا ئاماژە بەوە کراوە “کۆماری ئیسلامی ئێران، سنووردارییەکانی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کۆتایی پێدەهێنێت، واتە سنووردارکردنی لە سێنتەریفیوژەکان دەوەستێنێت. هەربۆیە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە بەرهەمهێناندا هیچ سنووردارییەکی نییە، لەوانەش لە توانا و رێژە و بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراودا”.

حکومەتی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەردەوامدەبن و دەگەڕێتەوە ناو رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەگەر سزاکانی سەر تاران هەڵبگیرێن و گەرەنتی بەرژەوەندییەکانی ئێران بکرێت.

رێککەوتنی ئەتۆمی، کە بە بەرجام ناسراوە. لە ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکەی جیهان “ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، روسیا، چین و ئەڵمانیا” واژۆکرا، بەڵام لە ئایاری ٢٠١٨دا ئەمریکا لەو رێککەوتنە کشایەوە و دوای ئەوەش سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاراندا سەپێنرانەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com