نوچە
ئێوارەی ئەمڕۆ (یەكشەممە ٥-١-٢٠٢٠) هێزەكانی هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش كار و چالاكییەكانیان لە عێراق راگرت.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، هاوپەیمانییەكە لە بەیاننامەیەكدا، ئاماژەی بەوە كردووە كارەكانی ڕاهێنان و یارمەتیدانی هێزەكانی سوپای عێراقیان راگرت، ئەمەش بە هۆی بەردەوامی هێرشە موشەكیەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە، كە كاری لەپێشینەیان پاراستنی سەرجەم هێزەكانی هاوپەیمانانە، كە ئەركی سەرەكییان نەهێشتنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشە، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هێرشە مووشەكیەكان لەلایەن میلیشیای حزبوڵای عێراقەوە بەردەوام بووە بۆ سەر بنكەكانیان لە عێراق و ئەمەش بووەتە هۆی كوژرانی چەند سەربازێكی عێراقی و كوژرانی هاووڵاتیەكی ئەمریكی.
لە كۆتاییدا ئەوەش خراوەتەڕوو، كە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، كار و چالاكییەكانیان رادەگرن بۆ ئێستا و بە شێوەیەكی بەردەوامیش پێداچوونەوە بۆ ئەم بڕیارە دەكەن.