نوچە
كەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی هۆشداریدایە پەرلەمانی عێراق ئەگەر یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەرنەكەن. هاوكات هەرەشەی لە كورد كرد، كە رێگەیان پێنادات بێنە ناو بەغدا ئەگەر لە پێناو سەربەخۆیی پشتگیریی هێزەكانی ئەمریكا بكەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە، فراکسیۆنە شیعەکان هەوڵەکانیان بۆ دەرکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چڕکردووەتەوە.
مەكتەبی سیاسی كەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت “پێوستە رێككەوتننامەی ستراتیژی، كە ئەمریكا بە روونی پیشێلیكردووە، هەڵبوەشێندرێتەوە”.
هەروەها لە راگەێیندراوەکەدا هاتووە “گەلە بریندارەكەمان چاوەڕێییە لە دانیشتنی رۆژی یەكشەممەدا بوێری و ئازایەتیتان ببینێت، بەو ئومێدەی ئەو دانیشتنە راپەڕینێكی عێراقی بێت بۆ شكۆ و خوێنی رۆڵەكانی، كە لەلایەن یەكەم دەوڵەتی تیرۆر لە جیهاندا كوژران”.
كەتائیبی حیزبوڵڵا جەختی لەسەر گرنگیی دەنگدانی پەرلەمانتاران كردەوە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات، هۆشداریشی دایە هەموو ئەوانەی رەتیدەكەنەوە. هاوکات هەڕەشە لە كوردیش دەكات و دەڵێت “ئێمە دەزانین بەشێك لە هێزە كوردییەكان لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكان بە ئامانجی پەیوەست بە خەونی جیابوونەوەوە”.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “لە رسواكردنی ناپاكان و پیلانگێڕان دوودڵ نابین و لە هاتنە نێو بەغدا بێبەشیان دەكەین و مامەڵەشیان لەگەڵ ناكەین. رێگەش نادەین بەرژەوەندییەكانیان بەردەوامبن.”