نوچە: ئاژانسەکان
حیزبوڵڵای عێراق هەڕەشەی لێدان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات و هۆشداری دەداتە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، کە لە بنکەکانی ئەمریکا دوورکەونەوە.
فەرماندەی کردە تایبەتییەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، تاوەکو رۆژی یەکشەممە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەزار مەتر لە بنکە ئەمریکییەکان دوورکەونەوە.
ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت “پێویستە فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق، پابەندبن بە بەڵێنەکەیان و لە بنکە ئەمریکییەکان دووربکەونەوە، بۆئەوەی نەبنە قەڵغانی هێزە داگیرکەر و خاچپەرستەکان”.
ئەو هەڕەشانەی حیزبوڵڵای عێراق لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی دێت، کە بەرەبەیانی ٣-١-٢٠٢٠ لەکاتی هاتنەدەرەوەیان لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا کرانە ئامانج.