مەحموود عوسمان لەبارەی کاریگەری دۆخی عێراقەوە هۆشداری دەدات

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

سیاسەتمەدارێکی کورد رایدەگەیەنێت “تێکچوونی سەقامگیری عێراق، کورد لێی زەرەرمەند دەبێت و کورد دەبێت هەوڵبدا باڵانسێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا رابگرێت”.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٣-١-٢٠٢٠، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکانیان، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت کەسی دیکە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی نێودەوڵەتی هەبوو، بەشیک لە وڵاتان ترسیان لە ئاڵوزتربوونی دۆخەکەیە، لەلایەکی دیکەوە ئێران و میلیشیا شیعەکانی عێراق هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد. 
هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی سەقامگیری لەعێراق و ناوچەکە، پەیوەندی لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەیە، بە رای چاودێرانی سیاسی، دەبێت هەرێم زۆر بەهەستاری مەمەڵە لەگەڵ گۆڕانکاری و ئاڵۆزییەکانی عێراقدا بکات، 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری ناوداری کورد، لە بارەی هەڵوێستی کوردەوە لەسەر دۆخی عێراق، ڕایگەیاند “پێویستە کورد لە نێوان خۆیاندا هەموو حزبە سیاسییەکان، حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، لەسەر دۆخی ئێستای عێراق، دابنیشن و رێکبکەون بۆئەوەی یەکهەڵوێستیان هەبێت، هەروەها ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراقی بکەن، کە هەڵوێستیان چۆن بێت، چونکە ئەمە کێشەیەکە پەیوەستە بە سیاسەتی دەرەوە و سەروەری عێراق، لەو ڕووە شەوە هەرێم و بەغدا هاوکاری یەکتر دەکەن”. 

ئەو کەسایەتییە سیاسییەی کورد دەڵێت “بەنیسبەت کوردەوە ئەوەندەی کە بتوانێت، هەوڵبدات لەگەڵ هەردوولایەنەکەدا، داوا بکات کەوا شەڕ و شۆڕ لە ناو عێراقدا ڕوونەدات، بۆئەوەی زیان بە دۆخی سەقامگیری عێراق نەگەیەنێت؛ ئەگەر سەقامگیری عێراق تێکبچێت، ئەوکاتە کوردیش زەرەرمەند دەبێت، چونکە کورد هەموو کێشەکانی لە بەغدایە”.

لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئێران، مەحمود عوسمان گوتی “چونکە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی هەیە لەگەڵ ئێران و هاوسنووریشە لەگەڵی، لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکی زۆریشی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، دەبێت هەوڵبدا باڵانسێک لە نێوانیان ڕابگرێت، ئەگەر بتوانێت”. گوتیشی “ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر ڕووداوەکانی عێراق، تاڕادەیەک باش و هێمن بوو، کە داوا دەکات، شەڕەکە لە عێراق نەکرێت، لەهەمانکاتدا ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە باسی دۆخەکەیان کردووە، هەرێمی کوردستان خەریکە هەڵوێستی دەبێت، بەڵام ئاسانیش نییە، کە باڵانسێکی تەواو ڕابگرێت لە نێوان ئەمریکا و ئێران”.

سەبارەت بەوەی ئەگەر حزبێک یان لایەنێکی سیاسی هەرێمی کوردستان، سەربەخۆ هەڵوێستی هەبێت و ببێتە لایەنگری یەکێکیان ئایا تاچەند بەزیانی کورد دەشکێتەوە؟ مەحمود عوسمان، دەڵێت “ئەوە بۆ کورد باش نابێت، پێویستە لەم کاتەدا کورد یەکهەڵوێستی هەبێت و هیچ لایەنێک بەتەنها خۆی قسە نەکات، چونکە دۆخەکە زۆر هەستارە و لەسەرمان دەکەوێت، هەرکەسێکیش، کە قسە دەکات با قسە بکات، بەڵام با قسەکانی لە چوارچێوەی ئەو هەڵوێستەدا بێت، کە ڕێککەوتنی لەسەر دەکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com