نوچە: ئاژانسەکان
سوپای ئەمریکا هێز رەوانەی لوبنان دەکات و ئەرکێکی تایبەتی پێدەسپێردرێت و دەیانخاتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.
ناردنی ئەو هێزە بۆ لوبنان دوای ئەوە دێت، کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٣-١-٢٠٢٠، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی و چەند کەسێکی دیکە کوژران.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (RT)ی رووسی، هێزەکە لەنێوان ١٠٠-٧٥٠ سەرباز دەبێت و بە گەیشتنیان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەو هێزەی ئەمریکا ئێستا لە ئیتاڵیایە و بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە ”هێزەکە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، دەنێردرێتە ئەو وڵاتە.
جێگەی ئاماژەیە، لە رۆژی ١٨-٤-١٩٨٤، تەقینەوەیەکی بەهێز باڵوێزخانەی ئەمریکای لە بەیرووت کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی ٦٣ دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەکە و حکومەتی لوبنانیش، تەقینەوەکەی خستە ئەستۆی حزبوڵڵای لوبنان، کە میلیشیایەکی سەر بە ئێرانە.