نوچە
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس رایگەیاند، هەروەک رێبەری ئێران گوتی ”تۆڵەیەکی تووند دەکەینەوە و تۆڵەکردنەوەکەش لەو تاوانبارانە لەکات و ساتی گونجاودا دەبێت”.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەشڵێت “ئەوانەی دڵیان بەو تاوانە خۆش کردووە دەبێت بزانن، کە ئەو جۆرە هەنگاوانە کوێر و ترسنۆکانەیە و ئیرادەی ئێران لە درێژەپێدانی بەبێ پاشەکشە لە سیاسەتەکانی خۆڕاگریی چالاک، بەهێزتر دەکات”.
دەقی راگەیێندراوەکە:
بسم الله الرحمن الرحیم
من المومنین رجال صدقوا ما عاهدواالله علیه فمنهم من قضی نحبه و منهم من ینتظر و ما بدلوا تبدیلا
شەهیدبوونی سەرداری دلێری ئیسلام، فەرماندەی ئازای هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، سێپەهبۆد پاسداری شەهید حاجی قاسم سولەیمانی هەڵگری نیشانی باڵای زولفەقار و فەرماندەکانی دیکەی دژی تیرۆریزم بەتایبەت موجاهیدی ماندوونەناس شەهید ئەبومەهدی مەهەندیس لە ئیمامی زەمان، رێبەری مەزنمان، هاوخەبات و بنەماڵە و هەموو گەلی ئێران پیرۆزبایی و سەرەخۆشی دەکەین.
سەرداری سەربڵند حاجی قاسم سولەیمانی، هۆی سەربڵندی و شانازی نەک تەنیا ئێرانییەکان بەڵکو هەموو موسڵمانان و ستەملێکراوانی سەرانسەری جیهان بوو. شەهیدبوونی ئەو فەرماندە گەورەیەی خۆڕاگریی، ئەگەرچی زیانێکی گەورەیە بۆ جیهانی ئیسلامی و خەڵکی گەورەی ئێران، بەڵام بەگوتەی ئیمام خومەینی رێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، هەر ئاڵایەک لەدەستی لێهاتووی سەردارێک بکەوێت، سەردارێکی دیکە بەرزی دەکاتەوە.
مەگەر بە شەهیدبوونی ئەو سەردارە گەورانەی تاوەکو ئێستا ئەم گەلە پێشکەشی کردوون، ئاستەنگێک لە بەرەوپێشچوونی هێزەچەکدارەکان و تواناکانی بەرگریی وڵات دروستبووە کە ئێستا بە شەهیدبوونی حاج قاسم سولەیمانی دروستبێت؟ ئەمریکا بزانێت کە هێرشە تاوانکارانەکەی لەدژی سەردار سولەیمانی، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی ئەو وڵاتەبووە لە رۆژئاوای ئاسیا و ئەمریکا لە لێکەوتەکانی ئەو هەڵەیە بە ئاسانی دەربازی نابێت.
هەروەک رێبەری گەورەمان لە پەیامەکەی خۆیان فەرموویان تۆڵەیەکی تووند چاوەڕێی ئەو تاوانبارانە دەکات کە دەستی پیسیان تێکەڵ بە خوێنی سەردار سولەیمانی بووە. ئەم تاوانبارانە بەرەوڕووی تۆڵەی تووند لە کات و ساتی گونجاو دەبنەوە. بەبێ هیچ دوودڵییەک هێڵی جیهاد و خۆڕاگریی بە زیاترەوە درێژەی دەبێت و داری خۆڕاگریی رۆژدوای رۆژ بەردارتر و گەورەتر دەبێت. سەرکەوتن بۆ موجاهیدانی ئەو رێگە پیرۆزەیە و ئەوانەی دڵیان بەو تاوانە خۆش کردووە دەبێت بزانن کە ئەو جۆرە هەنگاوانە کوێر و ترسنۆکانەیە و ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەپێدانی بەبێ پاشەکشە لە سیاسەتەکانی خۆڕاگریی چالاک، بەهێزتر دەکات.
بەبێ هیچ دوودڵییەک ئەم تاوانە، تۆڵەی داعش و تیرۆریستە تەکفیرییەکانە لە فەرماندە گەورەکانی شەڕی دژی تیرۆر کە بەدەستی ئەمریکا لە دژی سیمبۆلی شانازیپێکراوی لەناوبردنی تیرۆریزم لە عێراق و سووریا، ئەنجامدرا. تێکەڵبوونی خوێنی فەرماندە سەربەرزەکانی ئێران و عێراق لەو رێگە نوورانیە، سیمبۆلی پەیوەندی نەپچڕاوی دوو گەلی ئێران و عێراقە لە داهاتوودا.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لەناکاوی ئەمڕۆی خۆیدا بە تاوتوێکردنی هەموو لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم رووداوە، بڕیاری پێویستی گرتووەتەبەر و لێرەوە رایدەگەیێنین رژێمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپرسیارە لە هەموو پێشهات و لێکەوتەکانی ئەو کردەوە تاوانکاریە.
جارێکی دیکە سەری رێز دادەنەوێنین لەبەردەم رۆحی بەرزی حاج قاسمی سولەیمانی و دڵنیاین خوێنی ئەو شەهیدە گەورەیە وەک شەهیدەکانی دیکەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران خێر و بەرەکەتی زۆری تێدادەبێت بۆ گەلی مەزنی ئێران و ئازادیخوازانی جیهان.
و لاتهنوا فی ابتغاء القوم ان تکونوا تالمون فانهم یالمون کما تالمون و ترجون من الله ما لایرجون و کان الله علیما حکیما