قۆڵبڕەکەی رانیە دەستگیرکرا

0

نوچەنێت

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسەی کە بەناوی عەمرەوە پارەی لە هاوڵاتیان وەرگرتبوو لەشاری ڕانیە، دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ ٢ – ١ – ٢٠٢٠، رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگه‌یاند:ماوەی ١٠رۆژ بەر لەئێستا كەسێك لەشاری رانیە، بەناوی گەشتی عەمرەوە پارەی لە هاوڵاتیان وەرگرت و دواتر ئەم کەسە دیارنەما.

گوتەبێژەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین، دەڵێت”بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە دوای بەدواداچوونی هێزەكانمان و ئەو كەسانەی پارەكەیان برابوو، گوتەیان وەرگیراو دەركەوت كەسێك بەناوی (و.خ)ی تەمەن ٢٩ ساڵ، ماوەی ساڵێكە نیشتەجێی شاری رانیەیه‌ و لەبنەڕەتدا خەڵكی شاری كەركوكە، پارەی لەخەڵك وەرگرتوە بەناوی بردنیان بۆ عەمرە بۆ وڵاتی سعودییە”.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتی”ئەو كەسەی دەستگیركراوە بە سێ شێوە پارەی لەخەڵک وەرگرتووە بەناوی بردنی خەڵك بۆ عەمرە، رۆژی٢٢ – ١٢ – ٢٠١٩، بڕی ١٠٠دۆلارو پاسپۆرتی لە ٢١ كەس وەرگرتووە. رۆژی دواتر پاسپۆرت و هەمان بڕەپارەی لە  ٣٠ كەس وەرگرتووە. رۆژی ٢٥ مانگی  رابردووش بڕی ٦٠٠دۆلارو پاسپۆرتی لە ١٦ کەس وەرگرتووە”.

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژه‌ بەوەدەکات، دوای ئەوەی دەرکەوت كەسەكە بۆماوەیەک بێسەروشوێن بووە، لەرێگەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكانی راپەڕین زانیاریمان دەستکەوت، كەسەكە لە سلێمانییە، لەسەر داوای پۆلیسی راپەڕین، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە شەوی رابردوو بەپێی مادەی ٤٥٦ ی سزادانی عیراقی و  بەبڕیاری دادوەر، دانی بەتاوانەکەیداناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

پۆلیس روونیکردەوە”دەستگیركراوەكە، دەڵێت: پارەكانی لە سێ كەس وەرگرتوە كە بوون بەنوێنەری ئەو ٦٧ كەسەی پارەو پاسپۆرتەكانیان بەمەبەستی عەمرە لێوەرگیراوە، هەروەها دانی بەوەداناوە كە بەنیاز بووە لەنووسینگەیەكی كەركوك مامەڵەی ئەو هاووڵاتیانە بۆ عەمرە راییبكات، بەڵام دواتر هەڵهاتووەو چوەتە ئێران و پاش چەند ڕۆژێک مانەوە گەڕاوەتەوە سلێمانی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com