نوچە
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا وێنەی چوار فەرماندەی سەربازی عێراقی بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، “ئه‌وانه تیرۆرستی” سه‌ر به ئێرانن و ده‌ستیان هه‌یه له‌هێرشه‌كه‌ی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا لە بەغدا.
دوێنێ لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له به‌غدا گردبونه‌وه، دواتر به‌شێك له دیواری باڵیۆزخانه‌كه و دو ده‌رگای چونه‌ژوه‌ره‌وه‌یان سوتاند و هەوڵیشیاندا هێرشبکەنە سەر باڵیۆزخانەکە.
مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر وێنەی چوار فەرماندەی سەربازی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “ئه‌وانه پیاوی ئێرانن و هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه هێرشكرایه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا”.
ئەو وێنانەی کە پۆمپیۆ بڵاویکردوەتەوە هەریەکە لە ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، قه‌یس خه‌زعه‌لی، سه‌رۆكی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق، فالح فه‌یاز، راوێژكاری پێشوی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی حه‌شدی شه‌عبی -ن.
گردبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا دوای ئه‌وه هات كه ٢٩-١٢-٢٠١٩ی مانگی رابردوو هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆردومانی بنه‌كانی حزبوڵڵای عێراقیان كرد و به‌هۆیه‌وه زیاتر له ٥٠ چه‌كداری گروپه‌كه كوژراون و زیاتر له ٦٠ چه‌كداریش برینداربون. حزبوڵڵای عێراق بستراوەیە بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.