نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ زیاتر لە ٦٠ هەزار نەخشەی گەشتیاریمان چاپكردووە، لەگەڵ ١٠ هەزار ڕێبەری گەشتیاری.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار، ڕوولە هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێکی ئەو گەشتیارانەش ڕوو لە پارێزگای سلێمانی دەکەن، ئەو گەشتیارانەش بەزۆری لە ناوەڕاست و باشوری عێراق و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێنە سلێمانی و شەوانی سەری ساڵ بە ئاهەنگ گێران بەسەر دەبن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئارام شوانی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ، ڕایگەیاند: ساڵانە كۆمەڵێك ئامادەسازی دەكەین بۆ هاتنی گەشتیاران، ئەمساڵیش زیاتر لە ٦٠ هەزار نەخشەی گەشتیاریمان چاپكردووە، لەگەڵ ١٠ هەزار رێبەری گەشتیاری بە هەردوو زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی، بەمەبەستی دابەشكردنیان بەسەر گەشتیاران، هەروەها دوو لیژنەمان پێكهێناوە بۆ پێشوازی گەشتیاران لە بازگەکان، خاڵە سنوری و فرۆكەخانە.
ئارام شوانی دەشڵێت “داوامانکردووە ئەو پڕژەگەشتیارییانەی، دەکەونە سەر شاڕێگەی شەقامی سالم و بازنەی مەلیک مەحمودی سلێمانی، شوێنەکانیان بەشێوەیەکی جوانی بڕازێننەوە، لە سنوری پارێزگای سلێمانیش ١٢٣٥ مۆڵەتی گەشتیاریمان هەیە، کردوومانە بەمەرج دەبێت هەموو ئەو شوێنانە کراوەبن لە سەری ساڵدا، داواشمان کردووە هەموویان ئۆفەرات بکەنەوە بۆئەوەی سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشن”.
لە بارەی ڕێژەی گەشتیاران ئەو گوتەبێژەی دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی، گوتی “لە ١١مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ پارێزگای سلێمانی زیادی کردووە، سەری ساڵی رابردوو نزیكەی ٤٢ هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە، بۆ ئەمساڵ رێژەكە تا ئێستا دیاری نەكراوە و بەردەوام گەشتیار سەردانی سلێمانی دەكات”.