نوچە
سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت، لە نێوان سێ ناو، رێبەری رەوتی سەدر عادل عەبدولمەهدی، بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت هەڵبژارد، هاوپەیمانی سائیرونی سەربە رەوتی سەدریش حكومەتی عەبدولمەهدی دۆشی.
بەگوێرەی ئاژانسە عێراقیەیکان، حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر گوتوویەتی “سەرەڕای رەتكردنەوەی لەلایەن محەمەد رەزا سیستانی، سەدر گوتی بەربژێركردنی عادل عەبدولمەهدی، لەسەر داوای رەزا سیستانی كوڕی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی بووە، لە نێوان سێ ناویش سەدر، عادل عەبدولمەهدی، هەڵبژارد”.
گوتیشی “سەدر لە بەربژێركردنی عەبدولمەهدی زۆر پێداگر نەبوو، بەڵام نەیدەویست سەرپێچی مەرجەعیەت بكات، هاوپەیمانیەتی نەسریش لەگەڵ سەدر لە پێناو چەند ئامانجێكی دیاریكراوبوو، بەڵام بە شێوازی هەڵبژاردنی حكومەت ئەو ئامانجانە كۆتاییانهات”.
بەگوتەی عەبادی”فراكسیۆنی سائیرون پشتگیری حكومەتی عەبدولمەهدی كرد و لەرێگەی دەستگرتن بەسەر پۆستە بنەڕەتییەكان لە وڵات، حكومەتی عەبدولمەهدی دۆشی، دەستڕۆیشتوانى سائیرونيش بەئاشكرا هەوڵی دابەشكردنی پۆستە گرنگەكانیان دەدا”.
حەیدەر عەبادی ئاماژەی بە رەتکردنەوەی بەربژێربوونی ئیبراهیم بەحرولعلووم، کرد بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و گوتی “دوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، فراكسیۆنە سیاسیەكان ئیبراهیم بەحرولعلومیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بەربژێركردو داوایان لێكرد كوێرانە گوێڕایەڵیان بێت، بەڵام ئەو داواكەی رەتكردنەوە و چونكە دیدگایەكی جیاواز لە ویستی ئەوان هەیە، لەبەر ئەوە بەربژیركردنیان بۆ سەرۆكوەزیران كێشایەوە”.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق هۆشداریدا “لە دووبارەكردنەوی سیناریۆی پێكهێنانی حكومەتی عەبدولمەهدی، بەو پێیەی كەسانێك هەن دەیانەوی كەسێكی سەربە هاوپەیمانەكانيان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دابنێن، بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانیان لەدەست نەچێت، ئەمەش رێبازێكی مەترسیدارو رەتكراوەیە”.