نوچە
بڕیارە یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە ٢١-٢-٢٠٢٠ بەڕێوەبچێت. ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتیش، وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئێرانی بایکۆتکرد و داوا لە خەڵک دەکات بەشداری لەو دەنگداندا نەکەن.
ناوەندی هاوکاری لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پەرلەمانی ئێران هیچکات “نەیتوانیوە لە پرسە گرینگەکانی ئەو وڵاتەدا بڕیاردەر بێ و وەک یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرە رۆڵی گێڕاوە”.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا هاتووە “کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەنجامدانی گەورەترین تاوانەکان بەرامبەر بە خەڵکی راپەڕیو و وەزاڵە هاتوو، دەیەوێ بە وەڕێخستنەوەی شانۆسازیی هەڵبژاردن و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەندێک ئیعتبار بۆخۆی دەستەبەر بکات”.
ناوەندی هاوکاری، کە لە دوو لایەنەکەی حیزبی دیموکرات و هەروەها کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پێکهاتووە، دەڵێت، بڕیاریانداوە هەڵبژاردن بەشێوەی چالاکانە بایکۆت بکەن و پێیانوایە لەم بارودۆخەی ئێستای ئێران و کوردستاندا هەر کەس خۆی لەو هەڵبژاردنەدا بەربژێر بکات یان بچێتەسەر سندووقەکانی دەنگدان، راستەوخۆ خزمەت بە رەواییدان بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات. داواش دەکات، خەڵک لە رۆژی هەڵبژاردندا نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.