ئاگاداری وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئەو هاووڵاتیانەی بەنیازی عەمرەن

0

نەوزاد عەلی- سلێمانی

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی بەنیازی ئەنجامدانی گەشتی عەمرەن، متمانە بەو کۆمپانیایانە بکەن، کە مۆڵەت پێدراوی سەر بەوەزارەتی ئەوقافن.

هاووڵاتییەك بەناوی (و. ك) كه‌ خەڵکی کەرکووكه‌ و دانیشتووی رانیەیە، لە ماوەی رابردوودا بە ناوی ئه‌نجامدانی گه‌شتی عەمرە و كه‌عبه‌ی پیرۆز بۆ هاووڵاتیان، پارەی لە دەیان کەس وەرگرتووە و ئێستاش خۆی شاردووه‌ته‌وه، ئەم حالەتەش دووبارەیە و ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا بەهەمان شێوە ڕووی داوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیان بەناوی گەشتی عەمرەوە، ڕایگەیاند “ئێمە نیگەرانین لەوەی، کە بەناوی عەمرەوە پارەی هاووڵاتیان خوراوە، بەڵام هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە، کە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی تایبەتن بە ڕێکخستنی سەرفەری حەج و عەمرە لە هەرێمی کوردستان نووسینگەیان تایبەتیان خۆیان هەیە و شوێنیان دیارە، مۆڵەتی فەرمیشیان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە پێدراوە”.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، ڕوونیشیکردەوە و گوتی “هەر کۆمپانیایەکی حەج و عەمرە، دوای پێدانی مۆڵەتەکەی لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف دەبێت هەموو ڕێکارێکی ئیداری لەو شوێنەی نووسینگەکەی تێدا دەکاتەوە بگرێتەبەر و باج بداتە حکوومەت. هەروەها دەبێت نووسینگەی بەکراوەی هەبێت واتە (شێونێکی ئاشکرا و دیاری هەبێت و لە لایەن وەزارەتی ئەوقافەوە ژمارەی مۆلەتی پێدرابێت)”. 

نەبەز ئیسماعیل، گوتیشی “لەڕێگەی ئێوەوە ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەمەوە، هەر هاووڵاتیەک کە بەنیازی ئەنجامدانی گەشتی عەمرەیە، تکایە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی مۆڵەت پێدراوی سەر بەوەزارەتی ئەوقافەوە، کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە، مۆڵەتەکەیان پشتڕاستکراوەتەوە و مۆڵەتەکەی هەڵواسراوە متمانە بەو جۆرە کۆمپانیایانە بکەن، ئەوانەی تر کە لەلا کۆڵان، لەڕێگەی تەلەفۆن و پەیوەندی و دۆستایەتی پارە لە خەڵک وەردەگرێت، ئێمە وەک وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، بەهیچ شێوەیەک لێی بەرپرس نین”.

هەروەها ڕاشیگەیاند “سەبارەت بە گەشتی حەج، وەزارەتی ئەوقاف لە دیدارێکی تایبەت بە حەج کە ١٩-١٢-٢٠١٩ ڕێکخرا، بڕیار دراوە، کە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تیروپشک ئەنجامبدرێت بۆ ئەوانەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ وە ناویان نوسیووە بۆ داواکردنی حەج، واتە لە ساڵی ٢٠٢٠ هیج ناوێکی تازە نانوسرێت، بۆیە هەر کەسێک، ئەگەر بەناوی حەجەوە پارەی کۆکردەوە بۆ لەمەودوا هیچ بنەمایەکی نییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com