نوچە نێت
كەناڵی (NDTV) بڵاویكردۆتەوە، كە لەماوەی ساڵێكدا و بەتایبەتیش دوای زریان و لافاوەكەی مانگی پێنجی ئەمساڵ ٢٠١٩نزیكەی ١٠ ملیار دۆلار زیانی مادی بەر هیندستان كەوتووە.
كەناڵەكە بە پشت بەستن بەو راپۆرتەی رێكخراوی كریسجن ئاید بڵاویكردۆتەوە، باسی لەوە كردووە كە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە سەرتاسەری جیهان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتی هیندستان دروست كردووەو تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا نزیكەی ١٩٠٠ كەس بەهۆی زریان و لافاو لەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە.
كەناڵی (NDTV) باسی لەوەش كردووە، كە زریان و لافاوەكەی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ كە بە زریانی فانی ناسراوە و رووی لە كەناراوەكانی هیندستان و بەنگلادیش كرد، بووە هۆی زیانگەیاندن بە زیاتر لە ١٤٠ هەزار هێكتار زەوی و كشتوكاڵی ناوچەکە و نزیكەی ١٠ ملیۆن دار و درەخت لەو شوێنانە بە تەواوی لەناوچوون.