نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کێشەی دیاری کردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق چارەسەرکراوە.
ڕۆژ دوای ڕۆژ کێشە سیاسییەکانی عێراق زیاتر دەبێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لایەنەکان لەناو پەرلەمانی عێراق هەریەکەیان وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق خۆیان دەناساند، کە ئەمەش بوو بووە کیشەیەکی گەورە لەنێوان لایەنەکان لەسەر دیاری کردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە چارەسەری کێشە سیاسییەکانی عێراق، ڕایگەیاند “ئەمڕۆ شەممە ٢٨-١٢-٢٠١٩ کێشەی دیاری کردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هاتووە و فراکسیۆنی بینا، وەک گەورەترین فراکسیۆن دیاری کرا. محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان نووسراوی بۆ سەرۆک کۆمار کردووە، لە ڕۆژانی داهاتووشدا سەرۆک کۆمار دەبێت دەستوور جێبەجێ بکات”.
دووبەردانی گوتیشی “یەکلایی کردنەوەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان وەک هەنگاوی یەکەم، بۆ ئەوەبوو، کە لە کاتی دیاریکردنی کاندید بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لە نێوان لایەنەکان نەبێتە کێشە و دۆخی عێراق زیاتر بەرە و ئاڵۆزی بڕوات”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ماوەتەوە سەر دیاری کردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران، ماڵی شیعەکان دەبێت لە نێوان خۆیان یەکلایی بکەنەوە کێ کاندید دەکەن. دەشڵێت “هەر کەسێک دیاری بکرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، وەک کورد قسەی خۆمان دەبێت”.