نوچە-ئاژانسەکان
لە ئەنجامی هێرشی ڕۆکێت بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە شاری کەرکوک، کارمەندێکی ئەم وڵاتە کوژرا.
بەرپرسانی ئەمریکا، ئەمڕۆ (شەممە ٢٨ی دیسەمبەر) بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان گوتووە، جگە لەم کارمەندە، چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوونە.
کەناڵی سی.ئێن.ئێن، لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئاشکرای دەکات، بێجگە لە کوژرانی ئەم کارمەندەی ئەمریکا، چەندین سەربازی ئەم وڵاتە بریندار بوونە.
ناسنامەی کەسە کوژراوەکە لە لایەن ئەمریکاوە ئاشكرا نەکراوە، بەڵام ژمارەیەک لە ئاژانسەکانی هەواڵ دەڵین، کەسەکە جەنەڕاڵێکی سوپای ئەمریکایە.
بنکەی سەربازی کەی وان هەمان ئەو بنکەیە، کە سەربازانی ئەمریکی لێ جێگیر کراون.
تاکوو ئێستا هیچ لایەنیک بەرپرسایەتی خۆی لەم هێرشە ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و یەک لەوانە مایک پۆمپیۆ، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەم وڵاتە دەڵێن، هێرشەکە لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجام دراوە.