نوچە
ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی ٢٧-١٢-٢٠١٩) هیوا میرزا سابیر. ڕكابەری سەڵاحەدین بەهادین بۆ پۆستی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی کوردستان، كشانه‌وه‌ی خۆی راگەیاند، ئەمەش دوای سەردانێكی هات بۆ بارەگای تایبەتی سەڵاحەدین بەهادین لە هەولێر.
سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، پەیامێكی هیوا میرزای بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، كە ئەمڕۆ پێشوازی له هیوا میرزا، پاڵێوراو بۆ پۆستی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو كردووە، له دیدارێكدا باسیان له چۆنیه‌تی به‌رنامه‌ڕێژی و نه‌خشه‌ی ئاینده‌ی یه‌كگرتوو له ژێر رۆشنایی ره‌شنووسی په‌یره‌و و پرۆگرامی ئاماده‌كراو بۆ كۆنگره‌ی هه‌شت كردووە.
لە پەیامەکەدا دەشڵێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی ئامانج و مه‌به‌ست و به‌رنامه‌ی هه‌ردوولا و زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری یه‌كگرتووه‌كان وەك یەكە و هاوئاراسته‌یه، پێویستی به پاڵپشتی هه‌موو لایه‌كه، بۆیه هیوا میرزا، بڕیاری كشانه‌وه‌ی له خۆپاڵاوتن داوە، ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی، كه ئاماده‌شی كردووه، پێشكه‌شی سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادینی كردووە.
لەمبارەوە هیوا میرزا لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت “لە سۆنگەی خەمی قووڵمان بۆ پڕۆژەی شکۆداری یەکگرتوو، لە ڕوانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی و ئەرکی هەنووکەییمان و بەشداری کارامان بۆ گەشانەوە و گەرموگوڕ کردنەوەی گیانی ئازادی و برایەتی و دادپەروەری و کارکردن و تێکۆشانی یەکگرتووانە، لە ٢٧-١٢-٢٠١٩، لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەدین كۆبوونەوەیەکی پڕ سوود و ئامانجدارمان ئەنجام دا.
دووپاتی كردووەتەوە خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، لەم خولەدا دەکشێنێتەوە. هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ سەڵاحەدین بەهادین و پرۆژەکەی ڕادەگەیەنێ.