داوای سزادانی بەرهەم ساڵح دەکرێت

0

نوچە: ئاژانسەکان

شەوی ڕابردوو (٢٦\٢٧-١٢-٢٠١٩) هاوپەیمانی بینا، كە خۆی بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عێراق دەزانێت، بە توندی دژی بڕیارەكەی سەرۆک كۆماری عێراقە و دەڵێت ”هەرسێ كاندیدەكەی ئەم هاوپەیمانییەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتی رەتكردووەتەوە، لەمبارەیەوە هاوپەیمانییەكە داوای سزادانی دەكات”.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦-١٢-٢٠١٩، بەرهەم ساڵح، سەرۆک كۆماری عێراق، لە پەیامێكدا بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق، رەتی كردبووەوە ”ئەسعەد عیدانی” كاندیدی هاوپەیمانی شیعەكان ڕاسپێرێ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتی، چونكە شەقامی ناڕازیی عێراق ڕەتیان كردووەتەوە، لەلایەكی ترەوە بەرهەم ساڵح ئاشكرای كردبوو كە گوشاری زۆر و دژیەكی لەسەرە، بۆیە دەستلەكاركێشانەوە دەخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق.

هاوپەیمانیی بینا لە ڕاگەیاندراوێكی فەرمییدا بە درێژی باسی لە هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر پۆستی سەرۆك وەزیران و هەڵوێستەكانی بەرهەم ساڵح كردووە، پێیانوایە سەرۆک كۆماری عێراق دەستووری وڵاتەكەی پێشێل كردووە، بەوەی سێ جار ڕاسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتی ڕەتكردووەتەوە.

لەمبارەیەوە هاوپەیمانییەكە داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی بەرهەم ساڵح بگرێتەبەر، چونكە دەستووری پێشێل كردووە و سوێندە یاساییەكەی شكاندووە.

هاوپەیمانی بینا دەشڵێت، تووشی سەرسوڕمان بوون بە هەڵوێستەكانی سەرۆک كۆمار، كە سوورە لەسەر پێشێلكردنی دەستوور و ڕانەسپاردنی كاندیدی كوتلە گەورەكەی پەرلەمان. ئاماژەشیان بەوە داوە، كە پێشێلكردنی دەستوور لەلایەن سەرۆک كۆمارەوە، دەبێتە هۆی هاتنە كایەی دەرەنجامگەلێكی دژیەك لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتیان و داواكانی خۆپیشاندەرانیش، بۆیە دەبێ پەرلەمان ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی سەركۆمار بگرێتەبەر لە بەرامبەر سوێندشكاندن و پێشێلكردنی دەستوور.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com