دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار مەترسیدارە

0

نوچە: مورادی

چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار مەترسیدارە لەم کاتەدا و دەشڵێت ”بەرهەم ساڵح، دەزانێت هەم شەقام و هەم ئەمریکا ناڕازیین لەو کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران”.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ٢٦-١٢-٢٠١٩، لە نامەکەیدا به‌رهه‌م ساڵح ڕاسپاردنی ئه‌سعه‌د عیدانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، ئاماده‌یە بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ و لەمبارەیەشەوە داوای لێبووردنی کردووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئامانج نووری، چاودێری سیاسی کورد و شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق، لە بارەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند: دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار مەترسیدارە لەم کاتەدا؛ هەروەها بەپێی ماددەی ۷٥ی دەستووری عیراق، دوای پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بە پەرلەمان و نەکشانەوەی دوای حەوت ڕۆژ لەو ڕێکەوتە، دەستلەکارکێشانەوەکەی بە قبووڵکراو ئەژمار دەکرێ.

ئامانج نووری روونی دەکاتەوە، کە دوای سەرۆک کۆمار جێگرەکەی شوێنی دەگرێتەوە و بەڕێکەری کارەکانی دەبێت، بەڵام ئەمانە جێگری سەرۆک کۆماریان نەهێشتووە لەم خولەدا، بۆیە بە ناچاری سەرۆکی پەرلەمان شوێنگرەوی دەبێت و هەر بۆ خۆی حەلبوسی ” دەبێتە شوێنگرەوەی بەرهەم ساڵح دەبێت و تەکلیفی سەرۆک وەزیری نوێ دەکات، کە هەر لە کوتلەکەی خۆی دەبێت، کە ئەوە مەترسییەکەیە.

ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە، کە بەرهەم ساڵح، دەزانێت هەم شەقام و هەم ئەمەریکا ناڕازیین لەو کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیری، بۆیە ئەمە وەک گوشار بەکاردێنێ، عەتفی شەقام وەرئەگرێ و هەروەها ئەمەریکاش. دەشڵێت ”ئەگەریش دۆخەکەی ئاڵۆز بوو، ئەوا بەڕووی سوورەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە کەمترین زیان لەم دۆخە جەنجاڵەی عێراقدا دێتەدەر”.

هەروەها هەر ئێوارەی ئەمڕۆ هەردوو فراكسیۆنی ئەلسائیرون و ئەلحیكمە لە پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاند، كە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆک كۆماری عێراق رەتدەكەنەوە.

فراكسیۆنی ئەلحیكمە كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نووسراوی سەرۆک كۆماریان ڕەتكردەوە بە پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوە، بە پێویستیشیان زانی بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و پارێزگاری لە دەستووری عێراق بكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com