شلێر سەعید-هەولێر
تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان ئاشكرای دەكات، پرۆسەی چاكسازی لە بەندیخانەكان شكستی هێناوە، چونكە تاوانباری دووبارە و سێ بارە هەیە و تاوانبارەكانیش بەپێی تاوانەكان جیاناكرێنەوە.
ئەمرۆ پێنج شەممە، ٢٦-١٢-٢٠١٩، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ڕاپۆرتی دادپەروەری بۆ بەندییەكان تایبەت بە ڕەوشی بەندیخانەكان بڵاوكرایەوە.
شوان سابر، سەرۆكی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان ڕایگەیاند: بەپێی راپۆرتی ئامادەكاری بەدواداچوون بۆ ڕەوشی بەندییەكان لە كوردستان و عیراق بەندیخانەكانی عێراق زۆر جەنجاڵن، ٨ تا ١٠ بەرامبەر توانای خۆی بەندی تێدایە، ٪٨٥ی باڵەخانەی گرتووخانەكان شیاوی ژیانی بەندییەكان و دامەزراوەی چاكسازی نین لە رووی ڕووبەر و گونجاندن.
شوان سابر گوتی:٪١٠٠ی چاكسازییەكانی كوردستان و عێراق، پۆلێنی تاوانكاران لێك نەكراونەتەوە، هەموو بەندیخانەكان لەگەڵ ئەوەی كە خۆراك دابین دەكەن، بەڵام پێوەری تەندروستی دابین ناكەن، ٪٣٥ی بەندییەكان هەوڵی خۆكوشتنیان داوە، هەروەها لە رووی فەرمانبەرانەوە بەبێ پێوەر دانراون كە تایبەتمەندنین.
سەرۆكی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان هەروەها گوتی: 90%ی ئەوانەی لە بەندیخانەكاندان هیچ سودیان لێوەرناگیرێت، ٪٣٥ی بەندیخانەكان ماددەهۆشبەرەكانیان تێدا گیراوە. 95%یان حاڵەتەكانی دووبارە و سێ بارە و چوار بارەی ئەنجامدانی تاوانی تێدایە. كە ئەوەش نیشانەی شكستی پرۆسەی چاكسازییە.
سەبارەت بە خاڵە ئەرێنییەكانی ناو بەندیخانەكان شوان سابر دەڵێت: ٪٩٧ی شوێنەكان كراونەتەوە بە رووی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ناوخۆییەكان بۆ چاودێریكردن، هەروەها ٪١٠٠ی دەستگیركراوان بە یاسا گیراون، هەموو بەندیخانەكان پێداویستی پاك و خاوێنی دابینكراون و خواردن لەسەر ئەركی دەوڵەت دابین دەكات، تیمی تەندروستی و توێژەری كۆمەڵایەتیان هەیە. ئەمە وێڕای سەردانی بەردەوام و ئازادی پەیڕەوی ئاییینی.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەكەی تۆڕی دادپەروەری چاكسازییەكانی كوردستان، باشترن لە چاكسازییەكانی ناوەڕاست و خواروی عیرق لە رووی باڵەخانە و خواردن و تەندروستی.