نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بەرەو زۆرینە و کەمینەیە، کۆی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەخاتە بەردەم پرسیارەوە.
ڕۆژی سێشەممە ۲٤ـ۱۲ـ۲۰۱۹ لە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، پرۆژه یاسای ههڵبژاردنهكانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێندران و هێزە کوردییەکانیش بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و دەنگیان پێنەدا، به گوێرهی ناوەڕۆکی بڕگەی (٦) لە ماددهی (١٥)-ی پڕۆژهیاساكه، بازنهی ههڵبژاردن له پارێزگاوه بچووك دەكرێتهوه بۆ قهزا و تێیدا یهكهم و زۆرینه سهردهكهوێت و سهرجهم دهنگهكانی دیكه دهفهوتێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە تێپەڕاندنی پرسەکان بە زۆرینە و کەمینە لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند “یەکێک لە گرفتەکانی عێراقی دوای ٢٠١٠ و دوای حكومی دووەمی مالیکی، ڕۆیشتنی زۆرینە و کەمینەیە و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، کە لە دەستووردا زۆر بە ڕوونی باسی تەوازون و تەوافوق دەکات لە تەواوی جومگەکانی دەسەڵات، نەک تەنها لە پرسی ئیداریدا، بەڵکو لە ماددەی (٩)ی دەستووردا باس لەوەدەکات، کە دەبێت داودەزگا ئەمنییەکانی عێراق، پێشاندەری هەموو پێکهاتەکان بێت بەشێوەیەکی یەکسان”.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی “تێپەڕاندنی پرسەکان لە عێراقدا بە نەفەسی زۆرینە و کەمینە، پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە، ئێمە زۆر جار گووتوومانە ئەوەی، کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە و ئەوەشی لە داهاتوودا دێتە سەر دەسەڵات، ئەگەر پێیوابێت، کە بە زۆرینە و کەمینە دەتوانێت پرسەکان تێپەڕێنێت، ئەوا عێراق بەرە و ناسەقامگیری سیاسیی دەبات”.
پەرلەمانتارەکەی پێشووی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، کورد کلیلی سەقامگیری عێراقە و دەڵێت “ئەوەی لە داهاتوو دێتە سەر دەسەڵات، بەوانەی ئێستاشەوە، ئەگەر بە داوای عێراقێکی سەقامگیردا دەگەڕێن، دەبێت بیر لەوەبکەنەوە، کە جۆرە سەقامگیرییەک لەگەڵ پێکهاتەی کورد دروستبکەن، مافەکانی کورد پێشێل نەکەن و دەنگ لەگەڵ کورد دەرنەکەون”.
لە بارەی تێپەراندنی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەرلەمان بە زۆرینە، شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند “لە ڕووی فەنی و دەستوورییەوە کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات، جگە لەوەش وەک کەرکوک پێموایە، کە مافی کەرکوک لە نێوان کورسییەک بۆ دوو کورسی خوراوە، ئەمە دزییەکە لەمافی کەرکوکییەکان کراوە”.
ناوبراو جەختیکردەوە و گوتی “هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت، ئەم یاسایە یاسایەکی باش نییە و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بەرەو زۆرینە و کەمینە، کۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەخاتە بەردەم پرسیارەوە، کە ئەو حكوومەتە حکوومەتێکی ناشەرعییە، هەر پڕۆژەیاسایەکیش بەبێ ڕەزامەندی کورد دەربچێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت، ئەو یاسایە ناشەرعی و نایاساییە بەلای ئێمەوە”.