شلێر سەعید: هەولێر
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێمە لە هەوڵی جددی داین بۆ دابین کردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان، بەڵام هیچ گرێنتیەک نییە کە نەوت دابەشکرێت.
بڕیار وابوو بە هاتنی نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێم و لەگەڵ ئەوەش هاوکات حکوومەتی هەرێم نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان دابەش بکەن. لە ناوەڕاستی سەرمای ئەو ساڵ داین، بەڵام هێشتا هیچ ئومێدێک نییە لای هاووڵاتیان، کە ئایا نەوت دابەشدەکرێت یان نا!
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کاروان عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی سامەنە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا ڕاگەیاند: ئێمە وەک هەرێمی کوردستان هەندێک نەوتمان لە بەغداوە بۆ دابین کراوە، کە ڕێژەکەی ۵۰ ملیۆن لیترە، بەڵام هەرێم زیاتر لە ۲۵۰ ملیون لیتر نەوتی پێویستە و ئەو بڕەی، کە هاتووە تا ئێستا ۱۵ ملیۆن لیترە.
کاروان عەبدولڕەحمان گوتیشی، هیچ گرێنتیەک نییە لە ۲۰۲۰ نەوت دابەشبکرێت، ئێمە لە لیژنەی سامانە سرووشتییەکان، پێشنیاری ئەوەمان کردووە، کە ئەو بڕەی هاتووە، حکوومەت بەزووترین کات دابەشی بکات لەم وەرزەدا، چونکە لەکاتی خۆییدا نەبێ، سودێکی نابێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، وەزارەتی دارایی بەڵێنیان داوە، کە هاوکارمان بن و بڕێک پارە بو دابەشکردنی نەوت دابین بکەن، بەتایبەت بە جۆرێک بێ بۆ ناوچە شاخاوییەکان. گوتیشی ”ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان و فشار خستنە سەرلایەنی پەیوەندیدار و پێدانی نەوت بە هاوڵاتیان”.