“داعش” و بودجە چالاكییە هونەرییەكان لە كوردستان رادەگرن
نوچە.نیت.رووداو
كەمی بودجە لە لایەك و هاتنی داعش بۆ سەر سنوورەكانی كوردستان لەلایەكی دیكە، وای كردووە سەرجەم چالاكییە هونەرییەكان بوەستن و خەریكە خەڵك لەبیری دەچێتەوە، كە هەولێر پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبە.
بەشێك لە هونەرمەندان نیگەرانن لە وەستاندنی چالاكییە هونەرییەكان و پێیانوایە بە وەستانی چالاكی هونەری دەروونی خەڵك هێندەی دیكە نا ئارام دەبێت، بەشێكی دیكەش دەڵێن نابێت پێشمەرگە لە شەڕدابێت و ئەوانش خەریكی ئاهەنگ و شادی بن.
گۆران ساڵح: داعش زیانی لە پەرواز داوە
گۆرانبێژ گۆران ساڵح لەگەڵ راگرتنی چالاكییە هونەرییەكان نییە و پێیوایە لەم بارودۆخەدا واباشترە چالاكی هونەری بۆ ئارامی و دڵنەوایی خەڵكی بكرێت “پێمخۆش نییە خەڵكی هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ بكات، چونكە هەموو كارەكان و چالاكییە هونەرییەكان راگیراون، ئەمەش وادەكات خەڵك زیاتر هەست بە نا ئارامی و شڵەژان بكەن”.
گۆران نەیشاردەوە كە زۆرترین زیان بە پەرواز حوسێنی هاوسەری و خۆی كەوتووە لە راگرتنی چالاكییە هونەرییەكان. گۆران دەڵێت “لەبەر راگرتنی چالاكییەكان چەندین كۆنسێرت و ئاهەنگمان دواخراوە، كە بەو هۆیەشەوە زیانی ماددی و مەعنەوی پێگەیاندووین”.
لەبەر بێ بەنزینی نایەن بۆ كۆنسێرت
بەڵام زانا جەبەلی بۆچوونێكی پێچەوانە هەیەو پێیوایە لەم قۆناغەدا ناكرێت رۆژانە كورد شەهید بدات و هونەرمەندانیش ئاهەنگ بگێڕن، زانا دەڵێت “هونەرمەندی راستەقینە دەبێت لە هەموو قۆناخەكانی ژیان لەگەڵ خەم و ئازاری نەتەوەكەی دابێت و هەست بە ئێش و نەهامەتییەكانی گەل بكات، كوردستان ئەمریكا نییە هێندە گەورە بیت لایەكی لەناو بچێت، لایەكەی دیكە ئاگای لێ نەبێت”.
زانا جەبەلی لەو باوەڕەدایە كە ئەگەر هونەرمەندان كۆنسێرتیش بكەن خەڵكێكی كەم ئامادە دەبێت “چونكە بەنزین نییە لە ئۆتۆمبێلەكەی بكات و پێی بچێتە كۆنسێرت”.
زانا پێیوایە پێش هاتنی داعش بارودۆخی هونەر لە كوردستان هەر خراپ بووەو، گوتی”من لەو باوەڕم پاش ماوەیەكی دیكە دەیان گۆرانیبێژ واز لە گۆرانی گوتن دێنن، چونكە هەر پارە خەرج دەكەن، كەچی یەك دینار قازانج ناكەن”.
خەتای وەزارەتی رۆشنبیرییە
ئاوازدانەر هەڵكەوت زاهیر ئۆباڵی راوەستانی چالاكییە هونەرییەكان بۆ حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیری دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت “من هیچ هەست بە رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری ناكەم و حكومەتیش هونەری لەلا گرنگ نییە و حورمەتیشی بۆ دانەناوە، پشتگیری كاری هونەریش زۆر كەمە، لەگەڵ ئەوەشدا سپۆنسەری كارە هونەرییەكان زۆر كەمە، ئەمەش وا دەكات چالاكییە هونەرییەكان بووەستن”.
هەڵكەوت زاهیر لەگەڵ ئەوەیە لەم قۆناخەدا بە سروود و گۆرانی نیشتیمانی پشتگیری هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت و حەماس و هەستی نەتەوایەتی زیاتر بكرێت، لەمبارەیەوە دەڵێت “دەكرێت بە سروود ناخی خەڵك پڕ بكرێت لە دڵسۆزی و وەفا و فیداكاری بۆ نیشتیمان”.
هەفتەی رابردوو هونەرمەند حەسەن شەریف، جلێكی سەربازی لەبەركرد و چووە سەنگەرەكانی پێشمەرگە. لەوێ چەند گۆرانییەكی گوت و پێشمەرگەی هێنایە جۆش و خرۆش.
هونەرمەندی ناوبراو پێیوایە راوەستانی چالاكییە هونەرییەكان كارێكی زۆر خراپە و كاریگەری لەسەر هونەری كوردی دەبێت “ناكرێت بەو شێوەیە چالاكییەكان بوەستێت، دەبێت ئێمە زیاتر لە جاران گوڕوتینی ئیشكردنمان هەبێت”.
هەڤاڵ ئیبراهیم ئەلبوومەكەی بڵاوناكاتەوە
هەڤاڵ ئیبراهیم، دەمێكە ئەلبوومێكی نوێی گۆرانی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە، بەڵام دەڵێت كە پێشمەرگە لە شەڕ بێت، ناتوانێت ئەلبوومەكەی بڵاوبكاتەوە “رەنگە ئەوكات فرۆشی كەم بێت، جگە لەوەش خەڵك زیاتر سەرقاڵی بەدەستخستنی بەنزین و كەلوپەلی پێوستی ژیانن، نەوەك پارە بە ئەلبوومێك بدەن”.
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) بەبۆنەی بوونی شاری هەولێر بە پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەب، وا بڕیار بوو زیاتر لە 100 چالاكی هونەری لە شاری هەولێر بەڕێوەبچن، بەڵام سەرجەم ئەو چالاكیانە وەستاون. رۆژی 20ی ئەم مانگە زانكۆی كوردستان بە نیازی سازدانی فێستیڤاڵێك بوو، بەڵام بەهۆی رەوشی ئێستای كوردستان چالاكییەكەی هەڵوەشاندەوە.
پێشتر وەك نەریتێكی ساڵانە هەندێك هونەرمەندی كورد بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان گۆرانی و سروودی ئایینیان تۆمار دەكرد، كەچی ئەمساڵ داعش رەمەزانیشی لەبیر هونەرمەندان بردەوە و ئەم رەمەزانە بێ بەرهەمی هونەرییە.
ئەیاد محەممەد، كە زیاتر بە گۆرانیبێژی ئاینی ناسراوە بۆ مانگی رەمەزان هیچ بەرهەمێكی نوێی نییە، لەمبارەیەوە دەڵێت “هیچم بۆ رەمەزان ئامادە نەكردووە، بەڵكو تەنیا موناجاتێكی ئایینم هەیە، كە ئەویش باسی رەمەزان ناكات، چونكە من دەمویست كارێك بكەم بۆ هەموو وەختێك بگونجێت نەوەك تایبەت بێت بەمانگی رەمەزان”. گوتیشی “راستە ئەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان، كاریگەری لەسەر مانگی رەمەزانیش هەبووە”.