کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عیراق؟

0

شلێر سەعید-هەولێر

وێرای یەکلانەبوونەوەی گەورەترین لیست لە پەرلەمان و رازی نەبوونی خۆپیشاندەران لەسەر ئەو ناوانەی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بڵاوبوونەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژبێت بۆ دیاریکردن و ڕاگەیاندنی ئەم ناوە.

بەرەبەیانە و هێشتا دەنگی ناڕەزایەتی خۆپێشاندەران لە تەحریر بەرز نەبووەتەوە. مونتەزەر عباس (٧٩ ساڵ) نزیکەی دوو مانگە لێرە خێوەتی هەڵداوە. سەری لەناو کودەتا و شەڕی دەسەڵاتی سیاسییەکان سپی کردووە. دوای پاشایەتی حوکمی٤ سەرکردە و دوای سەددامیش، حکوومەتی ٥ سەرۆک وەزیرانی بینیووە. لەبەر دەرگای خێوەتەکەی دانیشتووە و دەڵێت” خێرمان لەهیچیان نەبینیووە و ناهێڵین تاقمی ئەوان بێتە سەر حوکم”

لەساڵی ١٩٢١وە عێراق دامەزراوە، تائێستا ٥ کودەتای سەربازی و سێ گۆڕینی بنەڕەتی لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماریی و لە کۆمارییەوە بۆ پەرلەمانی فیدراڵی تێیدا ئەنجامدراوە. هەموو ئەمانە بەناوی گەلی عێراق کراون بەڵام گەل لە هەموویان ناڕازییە.

خالد عەبد جاسم یەک لە خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریرگوتی” ئێمە رازینین لەسەر ئەو کەسەی لایەنە سیاسییەکان دیاری دەکەن، چونکە ئەوانە دزن، بەس داهاتی عێراق دەدزن، ئێمە دەمانەوێ یەکێکی دەست پاک و خاوەن ناسنامەی عێراقی ببێتە سەرۆک وەزیران”.

دەوڵەتی عێراق نە ئەوکاتەی خەونی بە سەرکردایەتیی نەتەوەی عەرەب دەبینی، توانی سوننەی عێراق رازی بکات و نە ئێستاش کە بە ژێردەست و گوێڕایەڵی ئێران تۆمەتبار دەکرێ، زۆرینەی شیعەی لێی رازییە. کورد کە نەهامەتی بەدەستی هەردووان بینیووە، پێیوایە چارەسەر هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی پاک، عێراق دۆست و دەستور پەسەندە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەبەغدا، لەلێدوانێکی تایبەتدا بە نوچەنێتی ڕاگەیاند “ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، نیگەرانین لەم بارو دۆخە لە عێراق دەگوزەرێ. تا ئێستا هیچ بەرچاو ڕوونییەک بۆ باشبوونی بارودۆخەکە نییە. ئەم بارودۆخەی لە عێراق دەگوزەرێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. بەتایبەت دەربارەی بودجەی هەرێمی کوردستان، گەر دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە دوادەکەوێت”.

لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە، حکوومەتی هەرێم پشتیوانی بۆ حکوومەتی عێراق و جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران دەربڕی. ڕایگەیاند: کە دەبێت دۆخەکە بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەربکرێت.

فارس سەبارەت بە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران روونیکردەوە” وەک هەرێمی کوردستان، هێڵی سوورمان لەسەر نییە. تەنیا ئەو کەسانە نەبن کە دەستیان لەگەندەڵی و نەهامەتییەکانی خەڵکی عێراق هەبووە و پێشێلکاری دەستووریان کردووە”.

هاوپەیمانی بینای هادی عامری، کە ئێستا خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆن دەناسێنێ، هەریەک لە (قوسەی سوهێل) و (محەممەد تۆفیق عەلاوی) بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی دیاریکردوە. هاوپەیمانی سائیرونی سەدریش، کە خۆی پێیوایە فراکسیۆنی گەورەیە، نەک تا ئێستا هیچ ناوێکی پێشکەش نەکردووە، بەڵکو لە ڕێگەی خۆپێشاندەرانەوە، هەموو ئەو ناوانە ڕەتدەکاتەوە کە تا ئێستا وەک بەربژێر ناویان هاتووە.

حەسەن خلاتی لە هاوپەیمانی فەتح بە ئاژانسەکانی هەواڵی گوتووە” هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە لەڕاستیدا، ئێمە فێربووین هەمیشە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ناوەکان دەگۆردرێن، بەڵام ئەوەی من بزانم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەرێزان (توفیق عەلاوی) و (قوسەی سوهێل) بەربژێرن(عەلاوی) چانسی زیاترە .

سەباح ساعدی، پەڕلەمانتاری کوتلەی سائیرون سەبارەت بەرای لیستەکەی جەختیکردەوە کە”هەر ناوێک و هەر کەسایەتێک کە شەقامی عێراقی و خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان لەسەری رازی بن، ئێمە پشتیوانی و پشتگیری دەبین. ئەمڕۆ قسەی کۆتایی و یەک لاکەرەوە لای خۆپیشاندەرانە کە دژی گەندەڵی لەسەر شەقامەکانن و داوای چاکسازی دەکەن”.

هەرچەندە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، وەک دوایین وادە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دیاریکرابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هەتا ئێستاش بۆ سەرۆک کۆمار یەکلایی نەبووەتەوە کێ گەورەترین فراکسیۆنە، پرسەکە وەک خۆی ماوەتەوە.

دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق، وەڵامەکەی پەرلەمانی بۆ دادگای فیدراڵی بەجێهێشت، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی، وەڵامەکەی دادگای فیدراڵی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کردووە تا گەورەترین فراکسیۆن دیاری بکەن و بۆ دووەمجار تۆپەکە چووەوە گۆرەپانی پەرلەمان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com