نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوبەری سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆی گشتیی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان ٢٤٢ هەزار پەنابەرە.
بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریا لە سالی ٢٠١١ وە تاکو ئێستاش کە لە هەندێ ناوچە بەردەوامە بە ملیونەها هاوڵاتی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسیش کوژراون. هەروەها لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠١٩، سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بووە هۆی شەهید بوون و بریندار بوونی سەدان هاووڵاتی سڤیل، هەروەها ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوبەری سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان، لە بارەی هاتنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند”تائێستا هاتنی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، بەڵام ژمارەیان بەراورد بە پێشووتر کەمی کردووە و ڕۆژانە لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ ئاوارەی ڕۆژئاوا ڕوو لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن”.
بەڕێوبەری سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان گوتیشی “لەسەرەتای ڕوودانی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستا، ١٨ هەزار و ٧٠٠ کەس هاتوون، بەمەش کۆی گشتی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان ٢٤٢ هەزار پەنابەرە”.
هۆشەنگ محەمەد دەشڵێت “لە زۆربەی کەمپەکاندا پێوستمان بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان هەیە و هەروەها کەمبوونەوەی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، کێشەی گەورەی دروست کردووە لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان؛ کە ئەوەش بووەتە بەربەست لە بەردەم بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی لەناو کەمپەکاندا”.