نوچە: مورادی
لە شەوی ٢١-١٢-٢٠١٩، لە هەولێر لە دوکانێکی پێڵاوفرۆشی، وێنەی خاچ لەژێرەوەی پێڵاو دراوە ئاشکرا کرا و ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و نوێنەری کریستیانییەکان لە پەرلەمان دەڵێت ”ئێمە و هەموو پێکهاتەکان ئیدانەی ئەو کارە دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەنمان لێ ئاگادارکردۆتەوە”.
فراکسیۆنی هاوپەیمانی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان، کە نوێنەری (کلدانی، سریانی و ئاشووری)، نوسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن و تێدا داوادەکەن، پێش بە بێ ڕێزی بە رەمزی مەسیحیەت بە یاسا بگیردرێت و تۆمەتبارانیش سزا بدرێن.
هەروەها دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان نوسراوێک ئاراستەی داواکاری گشتی دەکات، کە بەدواداچوون بکەن و رێکاری یاسایی بگرنەبەر.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، روبینا تیاری، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بێ ڕێزی بە رەمزی مەسیحیەت ڕایگەیاند: دوکانێک لەناو مێگا مۆڵ، لەهەولێر، کە ئەو جۆرە پێڵاوە فرۆشتووە و ئەو جۆرەش بە دڵنییایەوە لە تورکیاوە هاوەردەکراوە. هەر چەند ساڵ جارێک ئەو حاڵەتە لە کوردستان دووبارە دەبێتەوە؛ ئێمە و هەموو پێکهاتەکان ئیدانەی ئەو کارە دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەنمان لێ ئاگادار کردۆتەوە.
روبینا تیاری ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە پێمان باش نییە ئەو کارانە کاریگەری بکاتە سەر پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان لەهەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار کرا بەدواداچوون بکات، ئەوانیش بە زووترین کات گەیشتە شوێنەکە و دەستبەسەر کەلوپەلەکاندا گیرا و هاوکات دوکانەکەش داخرا و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە دەستی پێکردووە.
هەر لەم بارەیەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف تایبەت بە نوچە گوتی، لەو بابەتە ئاگادار کراوینەتەوە و پێشتر بە واژۆی وەزیری ئەوقاف نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، کە لە سنوورەکان کوالیتی کۆنترۆڵ ئاگادار بکەنەوە و بەهێزتری بکەن، کە لێنەگەڕێن هیچ کاڵایەک کە بێ ڕێزی بەهەر ئایینێکی تێدا بێت، ئەنجوومەنی وەزیرانیش رێکاری پێویستی گرتەبەر و لە کابینەی هەشتەم نووسراویان ئاراستەی سەرجەم سنوورەکان کرد، چونکە ئەوە لە چەند حاڵەتێک لە ئایینەکانی دیکە روویداوە و تەنیا بۆ کریستیانییەکان نەبووە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت، حکوومەت بە یاسا ڕێگری لە هاتنی ئەو جۆرە کاڵایانە دەکات، بەڵام ئەم جۆرە کاڵایانە بە نایاسایی و بەشێوەی قاچاخ دەهێنرێتە هەرێم. ئاماژەی بەوەشدا، کە نووسراویان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە و جەختیش لەسەر نووسراوەکەمان دەکەینەوە، کە لەگەڵ هیچ بابەتێکدا نیین ببێتە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی یان دڵگرانبوونی پێکهاتەیەک.



