داوای گۆڕانکاری لە دەستەکان دەکرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆمەڵێک دەستە لە هەرێمی کوردستان ماوەی یاساییان بەسەرچووە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمی بۆ چارەسەرکردنیان نەنراوە.                                

به‌پێی یاسا پێویستە هەموو چوار ساڵ جارێک گۆڕانكاری له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ژمارەیەک دەستەی دیکەدا بکرێت، ئێستاش دەستەی دەستپاکی له ‌بۆشاییی یاساییدایه‌.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، وەیسی سەعید، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بەسەرچوونی ماوەی یاسای دەستەکان، ڕایگەیاند “دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێک دەستەی دیکە، کە لە هەرێمی کوردستانن، ماوەی یاساییان بەسەرچووە یان ماوەکەیان بەرە و تەواوبوون دەڕوات، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی لەسەر ئەم پرسە هیچ گفتوگۆیەک نەکراوە و هیچ هەنگاوێکی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نەنراوە”.          

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا دەبێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێکارە یاساییەکان بگرینەبەر، بۆ ئەوەی ئەو دەستانەی، کە ماوەی یاساییان بەسەرچووە، بۆیان درێژبکەینەوە یان ئەوەتە کەسی دیکە لە شوێنیان دابنرێت.    

وەیسی سەعید گوتیشی “ئەو دەستانەی راستەوخۆ سەر بە پەرلەمانی کوردستانن، پەرلەمان گۆڕانکارییان تێدا دەکات، گرنگ ئەوەیە هەر گۆڕانکارییەک، کە دەکرێت، بتوانین ڕەوشی هەرێمی کوردستان بەرە و پێشببەین، تاکو بە هەموولایەکمان بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە و زەمینەسازی بۆ چاکسازی بکرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com