نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی ٢٠ کەس ناویان پێشکەش کردووە، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.
لە دوای پەسەندکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەگوێرەی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق، ١٥ ڕۆژ لەبەردەم لایەنەکاندا هەبوو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، بەڵام ئێستاش ئەو ماوەیە تێپەڕیوە و تائێستا هیچ کاندیدێک دیاری نەکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ڕایگەیاند: بەپێی ئەو زانیاراییانەی، کە لای ئێمەیە نزیکەی ٢٠ کەس ناوی خۆیان پێشکەشی سەرۆک کۆماری عێراق کردووە، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بەڵام سەرۆک کۆمار ناتوانێت لەخۆیەوە کەسێک لەو کاندیدانە دەستنیشان بکات، بۆیە پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسیی و شەقامی عێراقی لەسەر ئەو کەسە هەبێت کە کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران.
سەبارەت بە تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی پێشکەشکردنی کاندید بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ، هەرکی گوتی “ئەگەر عێراق لە ڕابردوودا دەستووری جێبەجێ بکردایە، ئێستا عێراق نەدەگەیشتە ئەم دۆخەی ئێستا، کە عێراقی تێدایە، بۆیە پەراوێزخستنی دەستوور و گوێنەدان بەدەستوور یەکێکە لە هۆکارەکان”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت “هەر کەسێکی دیکەش، کە لە دەرەوەی لایەنەکان کاندید بکرێت، دواجار هەر دەبێت ڕێککەوتنی سیاسیی لایەنەکان و شەقامی لەسەر بێت، چونکە ئەوە کەسەی کاندید دەکرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق متمانە لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت، کە نوێنەری حزبەکانی لێیە”.