ئەسعەد مورادی
لە ڕۆژی ٢-١٠-٢٠١٩، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێڕاق، خۆپیشاندان بۆ مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان دەستی پێکرد و وردە وردە داواکارییەکان زیادیان کرد و لەگەڵ ئەوەش توندوتیژییەکانیش زۆرتر بوون، ئەندامێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕایدەگەیێنێت، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێکی دیکە لە پارێزگاکانی عێراق لە یەکی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە لانیکەم ٤٨٥ کەس کوژراون و ٢٧ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند “لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە، ژمارەی کوژراوان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە ٤٨٥ کەس و ژمارەی برینداران گەیشتووەتە ٢٧ هەزار کەس”.
بەیاتی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە یەکی تشرینی یەکەمەوە دوو هەزار و ٨٠٧ کەس دەستگیرکراون، بەڵام جگە لە ١٠٧ کەسیان هەموویان ئازادکراون.
ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕاشیگەیاند، لەو کاتەوەی خۆپیشاندان دەستیپێکردووە ٤٨ کەس لە خۆپێشاندەران و چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن چەکداری نەناسراوەوە ڕفێنراون.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ژێر فشار و داواکاری مەرجەعی شیعە لە رۆژی ٢٩-١١-٢٠١٩، دەستی لەکارکێشایەوە و دواتریش لە ٢-١٢-٢٠١٩، لە پەرلەمان داواکارییەکەیان پەسەند کرد، بەبێ ئەوی رەچاوی بارودۆخی عێڕاق بکەن بەپەلە پەسەندیان کرد، لەو کاتەوە تاکو ئێستاش کاندیدی شیاو دیار نییە.
خۆپیشاندەران داوای کاندیدێکی سەربەخۆ دەکەن
ئەمە لەکاتێکدایە خۆپیشاندەره عێراقییهكان داوادەکەن، سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق سەر بە هیچ پارتێکی سیاسیی نەبێت.

محەمەد شەیاع سوودانی، کە لە ئێستادا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە پەیامێکیدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییهكان، ڕایگەیاندووە “پێتان ڕادەگەیەنم کە لە حزبی دەعوە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کشاومەتەوە”.
ئەم هەڵوێستەی سوودانی لەکاتێکدایه، ئاماژە بەوە دەکرێت ناوبراو کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالکییە. هاوپهیمانیی فهتح به هاوپهیمانییهكی نزیک لە ئێران ئهژمار دهكرێت.
لە ڕۆژی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدییەوە، بەپێی دەستوور پێویست بوو سەرۆک كۆمار، بەرهەم ساڵح لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا كەسێكی دیكە بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕابسپێرێت كە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئەو وادەیە كۆتاییهات.
بەڵام سەرۆک كۆمار، بەرهەم ئەحمەد ساڵح ڕاسپاردنی كەسێكی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی داهاتوو دواخست بەهۆی ئەوەی هێشتا هێزە سیاسییەكان و خۆپیشاندەران لەسەر كاندیكردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن.
سەدر دژی ئەوەیە سوودانی ببێتە سەرۆک وەزیران
سەرکردەی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پێشتر دووجار هەڵوێستی خۆی لەبارەی کاندیدکردنی سوودانی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، دژی ئەوەیە سوودانی ئهو پۆسته وهربگرێت.
چاوەڕێدەکرێت فراکسیۆنی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدرهوه پشتیوانیی دەکرێت، دژی سوودانی بوەستنەوە کە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی پشتگیریی دەکەن.
هەڵوێستی مەرجەع
مهرجهعی باڵای شیعهكانی عێراق، عهلی سیستانی داوای كرد بۆ رزگاربوون لهو كێشانهی عێراق تێیكهوتووه ههڵبژاردنی پێشوهخت ئهنجام بدرێت.
نوێنهری سیستانی له كهربهلا، عهبدولمههدی كهربهلایی، دوای گوتاری ههینی “گوتاری سیاسیی” سیستانی خوێندهوه و ڕایگەیاند “بۆ رزگاربوونی له كێشهكانی ئێستا، بهرگرتن له ئاژاوه و جهنگی ناوخۆ له وڵات دهبێت كۆمیسیاری سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان به یاسایهكی بههێزی ههڵبژاردنهوه بچێته ناو ههڵبژاردنی پێشوهخته”.
سیستانی تیشكی خستۆته سهر ئهوهی كه پێویسته ئهو حكوومهتهی دهستبهكار دهبێت “جددی” بێت له بهرهنگاربوونهوهی گهندهڵی و پاراستنی سهروهری عێراق. مهرجهعی باڵای شیعهكانی عێراق داوای له حكوومهتیش كردووه به شێوهیهكی دوور له چهك و دهستوهردانی دهرهكی ههوڵ بدات بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پێشوهخته.
لادانی سەرۆک کۆمار
عودەی عەواد، ئەندامی فراكسیۆنی سادیقون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، (فراكسیۆنی سادیقون باڵی سیاسی گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق-ە بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی كە بەنزیك لە ئێران ناسراوە) لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند، كە فراكسیۆنەكەی واژووی ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەمەبەستی درووخستنەوەی سەرۆک كۆمار، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە پۆستەكەی بەهۆی ئەوەی سوێندی یاسایی شکاندووە، كۆكردووەتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە ماددەی ٦١ی دەستووری عێراقدا ئاماژە بەوەكراوە، ئەنجوومەنی نوێنەران کاتێک بە زۆرینەی دەنگ سەرۆک كۆمار لە پۆستەكەی دوور دەخاتەوە، کە لایەن دادگای باڵای فیدرالەوە بە شكاندنی سوێندنی یاسای، پێشێلكردنی دەستوور یان ناپاكی گەورە تۆمەتبار بكرێت.
هاوپەیمانیی بونیادنان قوسەی سوهەیل
هاوپەیمانیی بونیادنان قوسەی سوهەیل، وەزیری خوێندنی باڵای ئێستای وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دیاریکرد و ڕایگەیاند “ئێمە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین و بەربژێریشمان پێشکەشی سەرۆک کۆمار دەکەین”.
هاوپەیمانی بونیادنان لە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی هەندێک هێزی دیکە پێکدێت.

پابەندبوون بە دەستوور مەرجی کوردە
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئامادەن لەگەڵ ھاوپەیمانی فەتح بچنە بەرەی گەورەترین کوتلەوە بە مەرجی گرەنتیکردنی مافەکانیان و کۆتاییھێنان بەو ھەنگاو و ھەوڵانەی کە پێشتر دژی ھەرێمی کوردستان نراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئەو پرسە زیاتر پەیوەستە بە لایەنە شیعەکان و مەرجەعییەت، ئێمەش لەسەر خەتین لەگەڵ لایەنە شیعییەکان کە مەرجی سەرەکیمان ئەوەیە پابەندبوون بەدەستوور بکرێت و ھەر کەسێک دەبێتە سەرۆکوەزیران مافی ھەرێمی کوردستان بدات بەپێی ئەوەی کە لە دەستوردا ھاتووە.
پارتی و یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە نین
ئارام ناجی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند “عێراق هەر تەنیا لە شیعە پێکنەهاتووە بۆ ئەوەی تاکلایەنە بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات، بەڵکو کورد، سوننە و پێکهاتەی دیکەش هەن و دەبێت بۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت، ئەوکاتە بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بدرێت”.(١)
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی لایەنە شیعییەکانیش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت نین و جەخت لەوە دەکەنەوە لەم دۆخە بارگاوییەدا ناکرێت هەڵبژاردن بکرێت. دەشڵێت “لایەنە کوردستانییەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت نین، چونکە یەکەم، دۆخی ئێستای عێراق بۆ هەڵبژاردن گونجاو نییە و دووەم، هەڵبژاردنیش هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، تەنیا لەوانەیە هەندێک لایەن دوو کورسی زیاد یان کەمبکەن”.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد “وەک پارتی هیچ ترسێکمان لە هەڵبژاردن نییە و ئامادەین. متمانەی تەواومان بە خۆمان و بە دەنگدەرانی پارتی هەیە، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستای عێراق بۆ هەڵبژاردن گونجاو نییە”.
سەرچاوە