نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی کارو باری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مووچەی هیچ شەهیدێکی حەقیقی و زیندانییەکی سیاسیی، کە موستەحەقن نابڕدرێت.
دوای ئەوەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، پڕۆژەیاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد، لەسەر بڕینی مووچە و دەرماڵەکان چەندین لێکدانەوەی جۆراو جۆری بۆکرا. هەروەها بەشێك لە كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەڵەتێگەیشتنێكیان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی بۆ دروستبووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بەهمەن کاک عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی كاروباری شەهیدان، جینۆساید و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە مووچەی شەهیدان، ڕایگەیاند “ئەوەی، کە لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا هاتووە، سەبارەت بە مووچەی شەهیدان، بەناوی ڕێکخستنەوە هاتووە نەک چاکسازی، بۆیە ئەوەی کە دەکرێت تەنها ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ئەو یاسایانەیە، کە لە ڕابردوودا بۆ وارسی شەهیدان و ئەنفالکراون دەرچووە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکەی ماوە قسەی لەسەر بکەن”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی لە پەرلەمانی کوردستان جەختیشیکردەوە لەوەی، کە مووچەی هیچ شەهیدێکی حەقیقی و زیندانییەکی سیاسیی، کە موستەحەقن نابڕدرێت. گوتیشی “لیژنەکەمان هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەیاساکە ئامادە دەکات”.