نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناکۆکی سەرەکی لایەنەکان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری هەڵبژاردنەکان لەسە مادەی ١٥ ی پڕۆژەیاساکەیە.
هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق یەکێکبوو لەداواکاری خۆپێشاندەران، پەرلەمانی عێراقیش ڕۆژی چوار شەممە ١٨-١٢-٢٠١٩، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی خستە بەرنامەی کار بۆئەوەی دەنگ لەسەر مادەکانی بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان نەتوانرا پەسەند بکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەکانەوە، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ڕابردوو پەرلەمانی عێڕاق لە کۆی ٥٠ مادەی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان ١٤ماددەی پەسەندکرد، دواتر بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر چەند مادەیەک نەمانتوانی بەردەوام بین و بەوەش کۆبونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممە ٢٣-١٢-٢٠١٩ دوخرا.
هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد، ناکۆکی سەرەکی لەسەر مادەی ١٥ ی پڕۆژەیاساکەیە، لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی تاکەکەسی یان لیست و دابەشکردنی پارێزگاکان بەسەر یەک بازنە یان فرەبازنەدا، گوتیشی”دواخراوە بۆ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان لەسەر ئەو مادەیە بگەنە ڕێککەوتن بەتایبەتی فراکسیۆنە کوردییەکان تێبینیمان لەسەر ئەو مادەیە هەیە و لەگەڵیدانین بەوشێوەی ئێستابێت کە لە پڕۆژەکەدا هاتووە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بۆچوونی فراکسیۆنە عەرەبەکان، لەسەر ماددەی ١٥-ی پڕۆژەیاساکە. دەڵێت “بەشێکیان لەگەڵ بۆچوونی فراکسیۆنە کوردییەکان بوون و بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە، بەشێکی دیکەشیان لە ناخەوە لەگەڵ بۆچوونەکەی ئێمەدان، بەڵام لەبەر شەقام باسی ناکەن”.