نوچە
شەوی رابردوو (٢٠-١٢-٢٠١٩) خۆپیشاندەرانی شاری ناسریە لە کاردانەوەی کوژرانی یەکێک لە چالاکوانەکانی شارەکەیان، بارەگاکانی رێکخراوی بەدر و حزبی دەعوەیان سوتاند.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە خۆپیشاندان، ئێوارەی ٢٩-١١-٢٠١٩ عادل عەبدولمەهدی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی حکومەت راگەیاند و دوو رۆژ دواتر پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد، بەڵام تا ئێستاش خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکاندا ماونەتەوە و نزیکەی ٥٠٠ کەس کوژراوە و زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیش بریندار کراوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سۆمەریە نیوز، هۆکاری سوتاندنی بارەگاکانی رێکخراوی بەدر و حزبی دەعوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە شەوی رابردو لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو عەلی عەسمی، یەکێک لە چالاکوانەی ناسریە کوژرا.
عەلی عەسمی تەمەن 25 ساڵ، یەکێک بوە لە چالاکوانەکانی ناسریە و پاش ئەوەی بە دوو ماتۆرسكیل چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشدەكەنە سەر خۆپیشاندەران و عسمی گیانیلەدەستداوە، دواتریش هێرشبەرەكان بەرەو ناوچەیەكی نادیار هەڵهاتوون”.
دوای رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان شوێنەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە و لەرێگەی لێکۆڵینەوە و کامێراکانی چاودێرییەوە هەوڵیانداوە بزانن ئەو چەکدارانە بەرەو کوێ رۆشتوون، لای خۆشیەوە سەلام عسمی، كە برای ئەو چالاكوانەیە، کە دوێنێ هەینی لە خۆپیشاندانەكانی شاری ناسرییە سەر بە پارێزگای زیقار كوژرا رایگەیاند “ئەوەی كوشتتان براكەم بو نەك من، پاش چەند مانگێكی دیكە پلانی ئاهەنگی هاوسەرگیری هەبوو”.