نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەرقاڵی هەمووارکردنەوەی کۆمەڵێک ڕێنمایین، کە بوونەتە ڕێگری لەبەردەم پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ.
کەرتی کشتوکاڵی یەکێکە لەو کەرتە گرنگانەی، کە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی وڵات و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان پشتی پێدەبەستن، هەرێمی کوردستانیش ژینگەیەکی گونجاوی هەیە بۆ کشتوکاڵ کردن، لەچەند ساڵی ڕابردووش گرنگی بە پێشخستنی داوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم، سەبارەت بە گرینگیدانیان بە کەرتی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند: لە ڕابردوودا بڕێک پارەی زۆر بۆ کەرتی کشتوکاڵ تەرخان کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو وەبەرهێنانەی، کە لە هەرێمی کوردستان لەکەرتی کشتوکاڵدا کراوە لاواز بووە و لە ٢% تێپەری نەکردووە، بۆیە کاریگەرییەکی وای نەبووە لەسەر پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی “پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی هەمووارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنانن، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان ڕاو بۆچوونی ئێمەیان وەرگرتووە، ئێمەش بۆچوونی خۆمان لەسەری دەربڕیوە و داوامان کردووە، کەرتی کشتوکاڵ جیاواز لە کەرتەکانی دیکە گرنگی زیاتری پێبدرێت و هاندانی زیاتریشی بۆ وەبەرهێنان تێدابێت و ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵ بکرێت”.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت “لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێنژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێم لەسەر هێڵین، بۆئەوەی لەگەڵیان هاوکار و هەماهەنگ بین، لەبابەتەکانی توێنژینەوەی کەرتی کشتوکاڵی و زیادکردنی ئاستی هۆشیاری ئەو کەسانەی، کە دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکانی کشتوکاڵین. هەروەها گرنگیدان بەو بەشانەی، کە پێویستن بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لەهەرێمی کوردستان”.
ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردەوە “لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لیژنەیەکی هاوبەشمان پێکهێناوە بۆئەوەی هەماهەنگی بەردەواممان هەبێت و ئەو کێشانەی، کە دێنە بەردەممان چۆن چارەسەریان بکەین، لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمیش بەهەمان شێوە لەهەماهەنگیداین”.
سەبارەت بە پلانی وەزارەتەکەشیان ڕایگەیاند “لە پێناو پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ پلانی خۆمان بۆچوار ساڵی داهاتوو هەیە، ئەوەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی، کە حكوومەتی هەرێم چەند بوودجەمان بۆ دابین دەکات، هیوادارین چوار ساڵی داهاتوو ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە بەرقەرار بێت و بودجە دابین بکرێت بۆئەوەی بتوانین ئەو پلان و بەرنامانەی، کە دامانناون جێبەجێیان بکەین”.
حوسێن حەمە کەریم ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم سەرقاڵی هەمووارکردنەوەی کۆمەڵێک ڕێنمایین، کە بوونەتە ڕێگری لەبەردەم پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ. دەشڵێت “دەمانەوێت ئەو ڕێنماییانە بەشێوەیەک هەمووار بکەینەوە، کە ئاسانکاری باش بکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بکەن، یەکێک لەو شتانەی، کە بەلامانەوە گرنگە، ڕێکخستنەوەی عەلوەکانە، ئێستا ڕەشنووسێک پێشکەش کراوە بۆئەوەی بتوانین عەلوەکان وا ڕێکبخەینەوە، کە لەبەرژەوەندی جووتیاراندا بێت”.