حكوومەت و پەرلەمان کۆدەبنەوە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیژنەی دارایی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی ئەنجامداوە و هەفتەی داهاتوویش لەگەڵ حکوومەت کۆدەبینەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٦-١٢-٢٠١٩، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای چاكسازی كرد و بە دەنگی ٨٨ پەرلەمانتار سیفەتی بەپەلەی پێدرا بۆئەوەی پێش هاتنی پشووی پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد سەعدەدین، بڕیار دەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی، ڕایگەیاند “لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لەپەرلەمانی کوردستان، دەستیان کردووە بە کۆبوونەوەکانی لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای چاکسازی، ڕۆژی چوار شەممەش ١٨-١٢-٢٠١٩ لیژنەکەمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن تا ڕاپۆرت ئامادەدەکرێت”.

بڕیاردەرەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی “هەر سەبارەت بە پرسی پڕۆژەیاسای چاکسازی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دارایی و پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە”.   

محەمەد سەعدەدین ئاماژە بەوە دەکات، لیژنەکەیان بەچڕی کار لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی دەکات و زۆربەی ماددەکانی گفتوگۆیان لەسەر کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاساکە ئامادەدەکەین. دەشڵێت “جگە لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارانەشی، کە ئارەزوویان لێبوو بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، بەشداریان کردووە”.      

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com