نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەرقاڵی دابەشکردنەوەی ژمارەی پزیشکەکانین بەسەر سەنتەری شارەکان و قەزاو ناحیەکانی هەرێمی کوردستان.
یەکێک لە كێشە گەورەکانی سنووری گەرمیان لاوازی كەرتی تەندروستییە، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی پزیشكی ورد و ناچاربوونی خەڵكەكەی بۆ ڕووكردنە سەنتەری شارە گەورەكان، بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەکانی ڕابردوودا چەند هاووڵاتیەك لە كاتی گواستنەوەیان لە كەلارەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە کێشەکانی کەرتی تەندروستی لە گەرمیان، ڕایگەیاند “لەبەر ئەوەی گەرمیان ناوشار نییە هاوشێوەی ناوچەکانی تری دەرەوەی شارە گەورەکان پزیشیکی پسپۆڕی چڕ و وردی نییە، چونکە ئەم پسپۆڕییانە پێویستیان بەئامێری زۆر ورد و ئاڵۆز هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو پزیشکانە ژمارەیان کەمە بە زۆری لەسەنتەری شارە گەورەکان بڵاودەبنەوە، بۆیە لەکاتێکدا ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەو پزیشکانە هەبێت دەبێت بەناچاری ڕوو لە شارە گەورەکان بکەن”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی گوتی “لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشکردنەوەی ژمارەی پزیشکەکانین بەسەر سەنتەری شارەکان و قەزاو ناحیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو شێونانەی، کە پزیشیکان پێویستە بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاریمان کردووە، پزیشکەکان بەپێی ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی نەخۆشەکان دابەشدەکرێن بەسەر ناوچەکاندا، بەڵام بەهۆی سنوورداری ژمارەی پزیشکەکانمان ناتوانرێت کێشەی کەمی پزیشک لەهەموو شوێنەکان بەتەواوی چارەسەر بکات”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەرەوەی شارەکان ٢٤ کاتژمێر پزیشیکی فریاکەوتن لەناو نەخۆشخانەکان هەیە بە ڕۆژانی پشوویشەوە، هەر حاڵەتێکی مەترسیدا بێتە ئەو نەخۆشخانانە تاکو ئەو پزیشکە وەری نەگرێت و باری تەندروستی جێگیر نەکرێت بەهیچ شێوەیەک نەخۆشەکە ڕەوانەی سەنتەری شارە گەورەکان ناکرێت.
سەبارەت بەکێشەی ئامێرە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکان، دەڵێت “لەماوەی ڕابردوودا بەشێکی کێشەی ئامێرە پزیشکییەکان و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان لە شار و قەزا و ناحیەکان چارەسەرکراون، جا بەچاککردنەوە بێت یان بەکڕینی ئامێری نوێ”.