نوچە: مورادی
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو فراکسیۆنەکان لەگەڵ پڕۆژەیاسای چاکسازین، بەڵام بەو مانایە نییە سەرنجیان لەسەر نەبێت.
پرۆژەیاسای چاکسازی، کە حەوتووی ڕابردوو ئاراستەی پەرلەمان کرا، بەگوێرەی زانیارییەکان پێدەچێت لەئەگەری پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، پارەیەکی زۆر بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت. ژمارەیەکی زۆر کەسانی دوو موچە و سێ مووچە دەبنە یەک مووچە. پەرلەمان بەنیازە پێش پشووی وەرزی خۆی ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند بکات.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، روبینا تیاری، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی و رای فراکسیۆنە جیاوازەکان ڕایگەیاند: لەپێناو ڕێکخستنەوەی بواری وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکان، شارستانی، پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هەروەها بەرقەرار کردنی دادپەرەوەری لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەکانە.
روبینا تیاری دەڵێت، ئەندام پەرلەمانەکان و لیژنەکان، پێشنیاز و تێبینی خۆیان لەگەڵ راپۆرتی هاوبەش پێکەوە، بەشێوەی یاسایی ڕێکدەخرێت لەسەر پڕۆژەیاساکە. گوتیشی ”هەموو فراکسیۆنەکان بەشێوەی گشتی لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەن، بەڵام مانای ئەوە نییە هیچ تێبینی و سەرنجێکیان لەسەر نەبێت”.