نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی کۆچ کردن لە عێراق ساڵ بە ساڵ لە بەرزبوونەوە دایە.
ئەمڕۆ چوار شەممە ١٨-١٢-٢٠١٩ وەک ڕۆژی جیهانی کورچبەری دیاری کراوە لە جیهاندا، کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا یادی دەکرێتەوە و چەندین چالاکی جۆراو جۆر لەبارەی هۆشیاری و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی لە جیهاندا دەخرێنەڕوو، ساڵانە بەهۆی کۆچی نایاسایی چەندین خەڵک گیان لەدەستدەدەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دەشتی جەمال، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، سەبارەت بە کۆچی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ڕایگەیاند “ڕێژەی کۆچ کردن لە عێراق ساڵ بەساڵ لە بەرزبوونەوەدایە، کە بارودۆخی ناجێگیری سیاسیی، قەیرانی حکومڕانی لەعێراق، نەبوونی هەلی کار بۆگەنجان، هۆکارێک بوون بۆ زیاد بوونی دیاردەی کۆچی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەپێی ئەو ئامارانەشی لە بەردەستی ئێمەدان لە ماوەی یەک ساڵدا، ١٧ هەزار و ٦٢٩ پەنابەری عێراقی ڕوویان لە تورکیا کردووە و ژمارەیەکی زۆر لەو پەنابەرانە پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپی”.
دەشتی جەمال، گوتیشی “بەشێکی ئەو پەنابەرانە لە ناو کەمپەکانی یۆنان جێگیربوونە و لە بارودۆخێکی سەختی ژیاندان، بەشێکی تریان ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەتایبەتی بەریتانیا. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٥٠٠ هاووڵاتی عێراقی داوای مافی پەنابەریان لەو وڵاتە کردووە، کە زۆربەیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن”.
بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق ئاماژە بەوەشدەکات، لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین حاڵەتی نەخوازراوی وەک خنکان و خۆکوژی ڕوویانداوە لە ژێر فشاری سیاسەتی دژی ئینسانی ئەو وڵاتانەدا، بەجۆرێک لەم ساڵ دووحاڵەتی خنکان هەبووە، چوار حاڵەتی خۆکوژی هەبووە، کە سێ حاڵەتیان لە بەریتانیا و ئەوی دیکەیان لە فەرەنسا بووە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو ئامارانەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، لەدوای ساڵی ١٩٧٩وە تا ئێستا ١٥٠ هەزار هاووڵاتی عێراقی ڕوویان لە ئەمەریکا کردووە و بەشێکیشیان ڕەگەزنامەی ئەمەریکییان وەرگرتووە.