نوچە: مورادی
چاودێرێکی سیاسیی ڕایدەگەیەنێت، تاکو ئێستاش مەترسییەکی گەورە لەسەر ڕۆژئاوا هەیە. دەشڵێت ”کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئاستێکی زۆر، بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.
تورکیا لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠١٩، لەگەڵ میلیشیاکانی سووریا هێرشیان کردە سەر هەسەدە و ڕۆژئاوای کوردستان و دوای بەرەنگارییەکی توندی هەسەدە، چەند ناوچەیەکیان داگیر کرد، بەڵام بەهۆی کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا هەروەها رووسیا و تورکیا، ڕێگرییان لە پێشڕەوی سوپای تورکیا کرد.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. بوخاری عەبدوڵڵا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆ سەلاحەددین لە هەولێر، لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند: پێموایە تاکو ئێستاش مەترسییەکی گەورە لەسەر ڕۆژئاوا هەیە، چونکە سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، نایشارێتەوە ناوە ناوە باسی هێرش کردن و داگیرکردنی دێرک و چەند ناوچەیەکی دیکەش لە ڕۆژئاوا داگیر بکەن، بۆ ئەوەی تەواوی ئاوارەکانی سووریا لە تورکیا بهێننە ئەو ناوچانە و جێگیریان بکەن.
بوخاری عەبدوڵڵا دەشڵێت، ئەم پیلانەی تورکیا تەنیا لە یەک حالەتدا سەرکەوتوو دەبێت، ئەویش ئەوەیە، کە رووسیا وەک ئەوەی لە عەفرین کردیان و بێ دەنگی ئەمریکییەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وادەکات تورکیا سەرکەوتوو بێت.
ئەو مامۆستای زانکۆیە ئاماژەی بەوەدا، تاکو ئێستا ئاماژەکان بەو شێوەیەن، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئاستێکی زۆر بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات. هەروەها مانەوەی ئەمریکییەکان لەو ناوچەیە و بەرگری کورد لەناوچەکە، لەو فاکتەرانەن، کە ڕێگری لە پێشڕەوەی تورکیا دەکەن.