مه‌حمود سه‌رخی، ئه‌و مه‌رجه‌عه شیعه‌ی فه‌تواكه‌ی سیستانی ره‌تكرده‌وه كیێه ؟
نوچەنێت
خه‌ندان ـ كامه‌ران عه‌بده ساڵح
پاش ئه‌وه‌ی یه‌كێك له مه‌رجه‌عه ناسراوه‌كانی شیعه به‌ناوی (مه‌حمود سه‌رخی) فه‌توایه‌كی گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه‌كان ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی ره‌تكرده‌وه كه داوای له هاوڵاتیانی عیراق كردبوو چه‌ك دژی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌ڵبگرن، له كه‌ربه‌لا و دیوانییه شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان لایه‌نگرانی سه‌رخی و هێزه ئه‌منییه‌كاندا روویدا، له ئێستادا راگه‌یاندنه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی توند ده‌كه‌نه سه‌ر مه‌حمود سه‌رخی و هه‌ندێكیان به به‌كرێگیراوی وڵاتانی كه‌نداو وه‌سفی ده‌كه‌ن.
ئاژانسی فارس نیوز-ی نزیك له سوپای پاسدارانی ئێران، له راپۆرتێكیدا باس له‌وه ده‌كات، كه مه‌حمود سه‌رخی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، به‌هۆی به‌كارهێنانی ئامێری سه‌ته‌لایت له ماڵه‌كه‌یدا، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی به‌عسه‌وه ده‌ستگیركراوه، پاشان له زینداندا له‌ڕێی چه‌ند ئه‌فسه‌رێكه‌وه په‌یوه‌ندی به ئیستیخباراتی به‌غداوه كردووه، پاش ئازادكردنیشی، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو عه‌مامه‌ی ره‌شی كردوه‌ته سه‌ری، وه‌ك پیاوێكی ئایینی شیعه‌كان خۆی ناساندووه.
فارس نیوز، ئه‌و مه‌رجه‌عه ئایینییه به به‌كرێگیراوی سعودییه ناوده‌بات و پێیوایه ده‌یه‌وێت ناوماڵی شیعه تێكبدات.
مه‌حمود سه‌رخی كێیه؟
ناوی ته‌واوی مه‌حمود عه‌بدولڕه‌زا محه‌مه‌د حوسنی سه‌رخیه، له‌دایكبووی 1964-ه، ساڵی 1987 كۆلێژی ئه‌ندازیاری له زانكۆی به‌غدا ته‌واوكردووه، ساڵی 1994 بۆ خویندنی وانه‌ی ئایینی رووی له حه‌وزه‌ی عیلمییه كردووه.
ساڵی 2003 وه‌ك مه‌رجه‌عێكی ئایینی و وه‌ك (ئایه‌توڵڵا عوزما) ده‌ركه‌وتووه، كه پله‌یه‌كی هه‌ره‌باڵایه له مه‌زهه‌بی شیعه‌كاندا.
له 2005 دا نووسینگه‌ی له چه‌ندین شاری عیراق كرده‌وه، هاوكات هه‌ر له‌وساڵه‌دا كه‌وته دژایه‌تیكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، پاش ئه‌وه‌ی لایه‌نگره‌كانی سێ سه‌ربازی ئه‌مریكایان كوشت، بڕیاری ده‌ستگیركردنی ده‌رچوو، به‌ڵام خۆی به‌ده‌سته‌وه نه‌داو، له عیراق چووه ده‌ره‌وه، كه له‌وكاته‌دا هه‌ندێك له میدیاكان گومانی ئه‌وه‌یان ده‌كرد رووی كردبێته لوبنان، دوای كشانه‌وه‌ی سه‌ر‌بازانی ئه‌مریكا له عیراق دووباره گه‌ڕایه‌وه وڵات.
ئه‌م پیاوه، سه‌ره‌تا خۆی به (مه‌حمود عه‌بدولڕه‌زا به‌هادولی) ناساند، ماوه‌یه‌كیش هه‌ڵگری ناوی (شێخ مه‌حمود ته‌میمی) بووه‌و مه‌ندیلی سپی له‌سه‌ر ده‌كرد، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر ناوی (مه‌حمود سه‌رخی) ساغ بووه‌وه‌و مه‌ندیله‌كه‌شی سه‌ریشی بۆ مه‌ندیلی ره‌ش گۆڕی.
سه‌ره‌تا وه‌ك خوێندكارێكی رێبازی ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی خۆی نیشانده‌دا، به‌ڵام دواتر گوایا له خه‌ویدا (ئیمام محه‌مه‌دی مه‌هدی) بینیوه، بوو به خاوه‌ن لێكدانه‌وه و فتوای خۆی و هه‌زاران كه‌س له ده‌وری كۆبوونه‌وه.
له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا، له وتارێكدا بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڵاتییانی شیعه مه‌زهه‌ب، داخوازیی دانیشتوانی ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی به ره‌وا زانی و داوای له حكومه‌ت كرد ده‌ست له هێرش و په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه هه‌ڵبگرێت، له‌كاتێكدا پێشتر عه‌لی سیستانی فتوای جیهادی دژ به گروپه چه‌كداره‌كانی داعش راگه‌یاندبوو.
ئه‌مه‌ش لایه‌نگرانی سیستانی و حكومه‌تی ناوه‌ندی توره‌كردو دوای شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان لایه‌نگرانی مه‌حمود سه‌رخی و هێزه ئه‌منییه‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شیعه‌نشین، ژماره‌یه‌ك لایه‌نگری سه‌رخی و هێزه ئه‌منییه‌كان كوژران و برینداربوون، هه‌رچه‌نده له‌ئێستادا پێكدادانه‌كان وه‌ستاون، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه، له هه‌رساتێكدابێت ده‌ستپێبكاته‌وه.