مەسروور بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئیتالیا دەکات

0

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشەممە ١٧-١٢-٢٠١٩) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە لۆرێنزۆ گوێرینی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندێکی هاوڕێی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا. وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان کرد، گوتیشی خۆشحاڵن بە پەیوەندی و بە هەماهەنگی بەهێزیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ستایشی قوربانیدانەکانی پێشمەرگەش دەکەن لە شەڕی دژی تیرۆردا.

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گوتیشی، هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق هێشتا ماوە، بۆیە ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش، بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە.

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا راشیگەیاند، کە لە مانگی داهاتوودا بەشداری و پابەندبوونیان لە شەڕی داعش و هاوکاریی پێشمەرگە نوێ دەکەنەوە، چونکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هێشتا کاری زۆریان ماوە بە یەکەوە ئەنجامی بدەن.

لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئیتاڵیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد و هیوای خواست پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com