نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە پڕۆژەیاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، سزای بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان قورسکراوە هەتا ئاستی لەسێدارەدان.
ساڵ دوای ساڵ بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان لە زیادبووندایە، پرۆژەیاسای ماددەهۆشبەرەكان و كارتێکەرە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن لیژنەكانی یاسایی، ناوخۆ، كاروباری كۆمەڵایەتی و كاروباری تەندروستی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەكراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەلال محەمەد ئەمین، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ڕایگەیاند: کۆی ئەم پڕۆژەیاسایە لە ٥١ ماددە پێکهاتووە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، تەنها بەشێک لە ماددەکانی ماون، کە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکرێت، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ١٨-١٢-٢٠٢٠ خوێندنەوەی دووەمیش بۆ ماددەکانی دیکەی بکرێت، دواتر کاتێک دیاری دەکرێت بۆ پەسەندکردنی، کە لە هەفتەیەک تێپەڕنەکات”.
سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەیاساکە، بڕیاردەرەکەی لیژنەی یاسایی، دەڵێت “خاڵی جەهەری لەم یاسایەدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ئەوەیە، کە سزای بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان قورسترکراوە، هەتا ئاستی سزای لەسێدارەدان”.
هەروەها گوتیشی “یەکێکی تر لەو گۆڕانکارییە گرنگانەی لە یاساکەدا کراوە، باس لە کردنەوەی چەند سەنتەرێکی چارەسەری ماددە هۆشبەرەکان دەکات لە ژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو کەسانەی، کە ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانن، بۆ ئەوەی بتوانرێت جارێکی دیکە لەو سەنتەرانە چارەسەریان بۆ بکرێت و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پێشووتر بەپێی یاسای ساڵی ١٩٦٥ ئەو کەسانەی ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەکانن، تەنها بەند دەکران، ئەمەش گرفتی زیاتریان دروست دەکرد، بۆیە لە ئێستادا کردنەوەی ئەو سەنتەری چارەسەرانە شتێکی باش و گرنگە، یاساکەش ڕۆڵێکی باشی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.