ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان خرایەڕوو

0

نوچە

پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، جەخت لە پشتیوانیکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی و تێپەڕاندنی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەنەوە و بڕیار دەدەن، کۆبوونەوەی خولی زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت.

ئەمڕۆ (سێشەممە ١٧-١٢-٢٠١٩) پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوانیان، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوانیان کرد و باسی لەوە کرد، کە ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراق هەم مەترسی و هەم دەرفەتی تێدایە، بۆیە دەبێت بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بپارزرێت.

گوتەبێژی پارتی ڕوونیشی کردەوە، کە هەوڵ دەدەن لە بەغدا هاوپەیمانێتییەک لە نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان دروست بکەن.

لەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا مەحموود محەمەد ئاشکرای کرد، بڕیاریان داوە کۆبوونەوەی خولیی زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت. گوتیشی ”هەروەها باسمان لەوە کرد، کە هانی کارە باشەکانی حکومەت بدەین و ئەگەریش لایەنێکی نەرێنی هەیە، ئەوە هەوڵی چارەسەری بدەین“.

گووتیشی، رەنگە هەندێک نیگەرانی هەبن، کە بەشێک لە رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون، بەڵام ئەوانە تەنها پێویستییان بە کات هەیە و زەمینەی لەباری بۆ دەڕەخسێنرێت.

هەر لە پرێس کۆنفرانسە هاوبەشەکەدا دەرباز محەمەد، سكرتێری كاروباری ژوورەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ پارتی بە ”گرنگ“ وەسف کرد و رای گەیاند کە لەسەر ئاستی عێراق، کوردستان و کارەکانی حکومەت گفتوگۆیان کردووە.

ئەوەشی گوت، کە ئەوان دەخوازن لەگەڵ پارتی، کۆتایی بە دۆسیەی سزای سیاسی بهێنن. هەروەها هەردوولا جەختمان لەوە کردەوە، کە ”پشتگیری لە چاکسازییەکانی حکومەت بکەین و پڕۆژەی چاکسازی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و چاکسازییەکانیش بە گشتی، بەتایبەتیش لە داهات بەردەوام بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com